سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە ئێرانە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 5-8-2024، سێرگی شۆیگۆ، کە پێشتر وەزیری بەرگریی رووسیا بوو، بە سەردانێك گەیشتە تاران و لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدییان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کە فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانیشە، کۆبووەوە.
جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەدییان، شۆیگۆ لەگەڵ مەسعود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد باقری، سەرۆکئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
سەردانەکەی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا بۆ ئێران بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە و لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران دێت.
مۆسکۆ سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و بە "هەوڵێك بۆ لەنێوبردنی هیوای ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەلكێشکردنی ئەمریکا بۆ نێو کردەوە سەربازییەکان" ناوی برد.
پەیوەندیی رووسیا و ئێران بە تایبەتی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022 بەرەوپێشچوونێكی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، لە ئابی هەمان ساڵەوە ئێران بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەداتە رووسیا و راهێنانی بە یەکەی رووسی تایبەت بەو درۆنانە دەکات.
پێشتریش وەزارەتی درەوەی رووسیا رایگەیاندبوو "ئامادەکاری بۆ رێکخستن و واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی ئەمنی، سەربازی و بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکات" ئامانج لێیان پەرەدانە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بە تایبەتیی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە و ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.