لە ئەسفەهانی ئێران تەقینەوە روویدا

رووداو دیجیتاڵ
 
کەمێک لەمەوبەر لە سنووری شارۆچکەی سپاهانی ئەسفەهان لە ئێران دەنگی سێ تەقینەوە بیسترا؛ بەرپرسانی ناوچەکە هۆکارەکەی بۆ "راهێنان و تاقیکردنەوە" دەگێڕنەوە.
 
ڤیدیۆی تەقینەوەکان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە.
 
محەممەدڕەزا جانساری، جێگری پارێزگاری ئەسفەهان رایگەیاندووە، "هۆکاری تەقینەوەکان تەنیا راهێنان و تاقیکردنەوە" بووە.
 
بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە، دەنگی تەقینەوەکان دوابەدوای یەکدی بوون و بیستراون.
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، چاوەڕێ دەکرێت ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران.
 
بەرەبەیانی رۆژی 31ی تەممووز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل، هەندێک رێکاری سیاسی، یاسایی و دیپلۆماسی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئیسرائیل دا بسەپێندرێت.
 
دوای کوژرانی هەنییە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەتەوە و لەنێو کۆبوونەوەکە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.