ئێران هێڵە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان لە ئاسمانی وڵاتەکەی بە دوور بگرن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێران ئاگادارینامەیەکی ئاراستەی هێڵە ئاسمانی و فرۆکەوانەکانی هێڵەکان کردووە، خۆیان لە ئاسمانی ئێران بە دوور بگرن.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئێران هێڵە ئاسمانییەکانی لە ئەگەری ناچاربوون بەوەی لە دوا خولەکدا ئاراستەی فرۆکەکانیان بگۆڕن ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر هەر رووداوێک لەسەر ئاسمانی ئێران رووبدات.
 
ئەو ئاگادارینامەیە کە بە ئاگاداری (NOTAM) ناسراوە و ئاراستەی دەسەڵاتی فرۆکەوانی وڵاتان دەکرێت و ئەوانیش فرۆکەوانەکان لە ئەگەری دروستبوونی هەر رووداوێک لەسەر نەخشەی گەشتەکەیان ئاگادار دەکەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە فڕۆکەوانەکە ئامادەکاریی بکات لە ئەگەری گۆڕینی ئاراستەی فرۆکەکەی لە دوا خولەکدا. 
 
ئاگادارینامەکەی ئێران هۆشداری دەداتە هێڵە ئاسمانییەکان و فرۆکەوانەکان خۆیان لە ئاسمانی نێوەڕاست، رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران بەدووربگرن. 
 
ئەم هۆشداریەی ئێران لەکاتێکدایە، کە رۆژی یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ئۆنڵایندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی گرووپی حەوت، رایگەیاندووە رەنگە ئێران لە 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام بلینکن راینەگەیاندووە شێوازی هێرشەکەی ئێران چۆن دەبێت. 
 
بەگوێرەی دیپلۆماتکارێک کە زانیاریی لەسەر کۆنفرانسە ئۆنڵاینەکە پێدراوە، رایگەیاندووە بلینکن بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی7ی گوتووە، ئەگەر هێرشەکەی ئەمجارەی ئێران هاوشێوەی هێرشەکەی مانگی نیسانی رابردوو بێت، ئەوا هیچ ئومێدێک بۆ گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران نامێنێت.
 
واشنتن و تاران لەماوەی 18 مانگی رابردوودا، لە رێگەی بەرپرسانی عومانییەوە، بەناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان کردووە. 
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەوان بۆ هەموو جۆرە هێرشێک ئامادەن. ئەمریکاش ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەرگری لەو وڵاتە دەکات. 
 
لە ساڵی 2020، لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، ئێران فرۆکەیەکی مەدەنی ئۆکراینی خستە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی فرۆکەکە کە 176 کەس بوون گیانیان لەدەستدا. دواتر ئێران رایگەیاند، بێ مەبەست ئەو کارەی کردووە.