ئێران: کاردانەوەی جیدیمان بۆ سزادانی "رژێمی زایۆنی" دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە جەددەی سعودیە کۆببنەوە. گوتیشی، ''سەقامگیریی ناوچەکە تەنیا بە سزادانی رژێمی زایۆنی دەستەبەر دەبێت''. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی و کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ''پێویستە و دەبێ جیهان ئەم تاوانەی رژێمی زایۆنی بە تووندی سەرکۆنە بکات".
 
بەرەبەیانی رۆژی 31ی تەممووز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. ناسر کەنعانی گوتی، "تیرۆرکردنی شەهید هەنییە لە تاران لەکاتێکدا بووە کە میوانی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی سیاسییە".
 
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەرگریی لە ئاسایشی نیشتمانی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان بە مافی خۆمان دەزانین.''
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنیی هەنییە رانەگەیاندووە. ناسر کەنعانی ئەوەشی خستەڕوو، ''نابێ هیچ کەس گومانی لە ئیرادەی جیدیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سزادانی دەستدرێژیکار و بەرگری لە بەرامبەر کردەوە تاوانکارییەکانی رژێمی داگیرکەری زایۆنی هەبێت.''
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل، هەندێک رێکاری سیاسی، یاسایی و دیپلۆماسی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئیسرائیل دا بسەپێندرێت و لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کاردانەوە بۆ کۆژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران پیشان بدرێت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، ''داوای دانیشتنی خێرای رێکخراوی هارکاریی ئیسلامیمان لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە جەددە کردووە کە بە خۆشحاڵییەوە وڵاتانی ئیسلامی رەزامەندییان دەربڕیوە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە (رۆژی چوراشەممە) بەڕێوەبچێت.''
 
ناسر کەنعانی کاردانەوە و سزادانی ئیسرائیل وەکو ئەنجامدەری کوشتنی هەنییە بە ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت و دەڵێت، ''کاریگەریی هەندێک لە وڵاتانی وەکو ئەمریکا، بووەتە هۆی ناکارامەیی ئەو ئەنجوومەنە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن یان لە ژێر کاریگەری هەندێک لایەن نایانەوێت لە بەرامبەر کردەوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکانی رژێمی زایۆنی بوەستن، ئێران دەستبەرداری بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی و هاوپەیمانانی نابێت.''
 
بەگوتەی ناسر کەنعانی، ئێران لە چوارچێوەی یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکان، کاردانەوەی بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دەبێت و ''بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی و سزادانی دەستدرێژیکار، کردەوەی جیدی دەبێت''.
 
ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ئاماژەی دا، ''بێگومان ئێمە بەدوای قووڵکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا نین، ئەگەر ئێران باس لە مافی خۆی دەکات بۆ سزادانی دەستدرێژکار، ئەمە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیە.''
 
ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە قووڵبوونەوەی زیاتری گرژییەکان، فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتری ناردووەتەوە رۆژهەلاتی نێوەڕاست. ناسر کەنعانی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر ئەمریکا ئەرکی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی خۆی جێبەجێ کردبووایە و گوشاری خستبووایە سەر رژێمی داگیرکەری زایۆنی، بێگومان ئێستا ئەو هەموو مەترسی و ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا نەدەبینرا؛ بۆیە پێمان وایە سەقامگیریی ناوچەکە بە سزادانی دەستدرێژکەر و بەرگریکردن لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی رژێمی زایۆنی دەستەبەر دەبێت''. 
 
دوای کوژرانی هەنییە لە رۆژی 31ی تەممووز، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەتەوە و لەنێو کۆبوونەوەکە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.