ئەنجامی بەرایی: پزیشکیان نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێرانە

06-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی گەڕی دووەمی راگەیاند؛ مەسعود پزیشکیان بە بەدەستهێنانی 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگ یەکەمە.
 
سەعید جەلیلی رکابەری، 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
بەم جۆرە، بەجیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگ، پزیشکیان دەبێتە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.
 
هەر بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، رێژەی بەشداری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران 49.8% بووە.
 
موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێنن.
 
ئەم ئەنجامە بەراییانە، ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێرانن، کە رکابەرییەکە تەنیا لەنێوان پزیشکیان و جەلیلی ماوەتەوە.
 
هەینی رابردوو، 28-6-2024، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو. بەگوێرەی کۆمیسیۆنی ئێران، لە گەڕی یەکەمدا 24 ملیۆن و 535 هەزار و 183 کەس دەنگیان دابوو، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگ پووچەڵ بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە