فەرماندەیەکی پاسداران: هەر دەنگێک مووشەکێکە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران دەڵێت، "لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا، هەر دەنگێکی هاووڵاتییان بە واتای یەک مووشەکە." گوتیشی، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و کەمتەرخەمی نەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 05-07-2024 لە کاژێر 08:00 بە کاتی تاران و 7:30 بە کاتی هەولێر گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەیە.
 
ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، دوای دەنگدان قسەی بۆ میدیای ئێرانی کرد و رایگەیاند، "بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە بۆ هاووڵاتییان و دەبێت لەم کارەدا پەلە بکرێت."
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە نزیکەی 40%ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان دا؛ کە کەمترین ئاستی بەشداریکردنی خەڵک بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەڵام هیچکام لە بەربژێران 50+1%ی کۆی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کەوتە گەڕی دووەم.
 
ئەمیرعەلی حاجیزادە گوتی، "ئەمڕۆ دەنگدان کارێکی ئاسانە، بۆ بەهێزترکردنی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا؛ دەبێت خەڵک بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەم کارەدا کەمتەرخەمی نەکەن." فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران گوتیشی، "هەر دەنگێکی هاووڵاتییان بە واتای یەک مووشەکە."
 
لە گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن؛ کە ئەوانیش هەریەکە لە سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان.
 
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران، ناسراو بە ئیسپا، بڵاویکردووەتەوە، لە گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.