گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەر یەکە لە مەسعود پزیشکیان و سەعید جەلیلی لە دوو باڵی ریفۆرمخواز و نەریتخواز رکابەری بۆ کورسیی سەرۆککۆماری داهاتوو دەکەن، بەرەبەیانی سبەی شەممەش دەردەکەوێت کێ براوە دەبێت. 
 
لە گەڕی یەکەم لەنێوان پزیشکیان و جەلیلیدا، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان کۆی دەنگەکانی 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگ بوون، سەعید جەلیلیش، بەربژێری نەریتخواز 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بەدەستهێنا.
 
دووەم جارە هەڵبژاردن دەکەوێتە گەڕی دووەم
 
پێش ئەم هەڵبژاردنە، لە مێژووی ئێراندا تەنیا یەک جار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چووەتە گەڕی دووەم کە لە ساڵی 2005 مەحموود ئەحمەدی نەژاد و هاشم رەفسەنجانی لە گەڕی دووەمدا رکابەرییان کرد، دواتر ئەحمەدینەژاد بووە سەرۆککۆماری ئێران.
 
بەشداریی خەڵک کەمترین رێژەی تۆمارکرد
 
دوای ئەوەی ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سەرۆکایەتیدا کەمترین رێژەی تۆمارکردووە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، لە کۆی گشتی نزیکەی 61 ملیۆن ئێرانی کە مافی دەنگدانیان هەبوو لە گەڕی یەکەم، تەنیا نزیکەی 24 ملیۆن کەس دەنگیان داوە، ئەوەش 40٪ـی کۆی ئەوانەبوو مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
هەردوو بەربژێرەکە ئەم جارە چاویان لەوەیە زیاتر هانی خەڵکی بدەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. 
 
بەشداریی رەوەندی دەرەوە
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار ئێرانی لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، دەنگدەرانی دەرەوە 2.8٪ـی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن. 
 

لە هەرێمی کوردستان چوار سندووقی جێگیر و چواری گەڕۆک دادەنرێن 
 
لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 هەزار کەس لە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوان کارتی نشینگەیان هەیە و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمیشدا دەنگ بدەن.
 
عەباس ئەسکەندەری، کۆنسوڵی یەکەمی ئێران لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی هەینی لە کاژێر 08:00 بەیانی چوار سندووقی جێگیر دادەنرێن کە لە کۆنسوڵخانەکانی هەولێر و سلێمانی، سندووقێک لە دهۆک و یەکێکیشیان لە کەلار دەبێت."
 
بەپێی زانیاریی ئەو بەرپرسەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، "چوار سندووقی گەڕۆکیش هەن، سندووقێک لە هەولێر بۆ زیندانەکان و بنەسڵاوە، ماوەی چوار کاژێریش لە قوتابخانەی گەڕەکی شۆڕش دەبێت."
 
سندووقە گەڕۆکەکانی دیکەش لە ئیدارەی راپەڕین و هەموو ئەو ناوچانەی کە شۆفێری ئێرانی تێیدا دەمێننەوە یان شوێنی دیکە کە پێویست دەکات ئەو سندووقانەی بۆ دەنێرن.

 
سندووقێكی دیکەش لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ پیرمام دەگوازرێتەوە بە رێگەدا و لە سۆران سێ کاژێر لە قوتابخانەیەک دادەنرێت. 
 
بەپێی زانیاریی کۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی، هەر کەسێک ناسنامە، پاسپۆرت و بەڵگەی فەرمی هەبێت مافی دەنگدانی هەیە لە هەڵبژاردنەکەدا.
 
 

 

سەرکەوتن بە یەک دەنگ

نزیکەی 59 هەزار سندووقی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران داندراون کە حەوت هەزار و 500 سندووقیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن. زیاتر لە 800 هەزار کەس پڕۆسەی هەڵبژاردنیان تێدا رایی دەکەن، ئەوە جگە لە نوێنەری بەربژێرەکان کە لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان ئامادەن.

هەر یەک لە بەربژێرەکان ئەگەر یەک دەنگیش لە بەربژێرەکەی دیکە زیاتر بێنێتەوە، لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و وەکو سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت.

بەگشتی سندووقەکانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەوشێوەیە دابەش کراون:

پارێزگای ورمێ
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هەزار و 357 سندووقی دەنگدان دانراون کە 882ـیان گەڕۆکن.

پارێزگای ئیلام
 
لە ئیلام  633 سندووقی دەنگدان داندراون. لەو ژمارەیە، 336 سندووق لە سنووری شارەکان و 110 سندووقیش لە سنووری گوندەکان داندراون کە بەگشتی 187ـیان گەڕۆکن.
 
پارێزگای سنە

لە سنووری پارێزگای سنە، هەزار و 296 سندووقی دەنگدان داندراون، کە بەشێکیان گەڕۆکن و بۆ وەرگرتنی دەنگەکان، سەردانی گوندە دوورەدەستەکانیش دەکەن.

پارێزگای کرماشان
 
نزیکەی یەک ملیۆن و 460 هەزار کەس لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە و لە رێگەی هەزار و 636 سندووقەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
 
لەو ژمارە سندووقە، 961ـیان لە سنووری شارەکان و 675 سندووق لە سنووری گوندەکانن، کە بەگشتی 648ـیان گەڕۆکن.

پارێزگای لوڕستان
 
لە پارێزگای لوڕستان هەزار و 638 سندووقی دەنگدان داندراون کە 832 سندووق لە سنووری شارەکانن و 806 سندووقیش لە گوندەکان کە بە گشتی  618ـیان گەڕۆکن.
 
نزیکەی 25 هەزار کەس بۆ سەرپرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لە سنووری لوڕستان ئەرکدار کراون کە زۆربەیان دەکەونە سنووری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکە و بە تەنیا 357 سندووقی دەنگدان لەو سنوورە داندراون.

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، لەو 61 ملیۆن و 452 هەزار کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە، لە گەڕی یەکەمدا، زیاتر لە 24 ملیۆن و 535 هەزار کەس بەشداریی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنیان کردووە و رێژەی بەشداریکردنی خەڵک نزیکەی 40% (39.96%) بووە.

هەر بەگوێرەی دەستەی هەڵبژاردن، سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 05-07-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەیە.

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا بڵاوی کردووەتەوە، لە گەڕی دووەمی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.