گۆڵپارێزە کوردەکەی یانەی پرسپۆلیسی تاران تووڕەیە و گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە

06-07-2023
فواد حەقیقی
عەلی رەزا بەیرانوەند، گۆڵچی یانەی پرسپۆلیس
عەلی رەزا بەیرانوەند، گۆڵچی یانەی پرسپۆلیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی رەزا بەیرانوەند، گۆڵچی یانەی پرسپۆلیس، دوای ئەوەی داواکارییەکانی لەو یانەیەدا جێبەجێ نەبوو، بڕیاریدا یەکلایەنە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بەو بڕیارەیشی تۆپی پێی ئێرانی هەژاند.
 
مستەفا سلێمانی، پارێزەری بەیرانوەند دەڵێت، "ئێمە بۆ جاری دووەم هۆشداریمان دا بە یانەی پرسپۆلیس، ئەمە واتە بەیرانوەند نایەوێت ئەو یانەیە جێبهێڵێت و دەیەوێت لەوێ بمێنێتەوە. دوای هۆشداریی دووەم پێنج رۆژ کاتمان دا بە پرسپۆلیس، بەڵام حەوت رۆژ تێپەڕی و دیسان پارەکەی بەیرانوەندی نەدا، دەی ئەمە بێڕێزیکردنە."
 
بەیرانوەند لە ساڵانی رابردوودا لە سەرکەوتنەکانی پرسپۆلیسدا رۆڵی هەبووە. ئەو پێیوایە، مووچەکەی زۆر کەمتر لەو شتەیە کە دەبێت پێی بدرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرنامەکان و پارێزەری عەلیڕەزا بەیرانوەند، پرسپۆلیس پارەی پاداشتی سەرکەوتنەکانی ئەویان نەداوە. ئەمە دەگوترێت نزیکەی 12 ملیار تمەن، واتە 60 هەزار دۆلارە.
 
عەلی خەتیر، راوێژکاری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر یاریزان یان راهێنەرێک دوو مانگ مووچە وەرنەگرێت، دەتوانێت هۆشدارییەک بدات، دواتر دەتوانێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام یاریزان و راهێنەرە ئێرانییەکان لەم پەیوەندییەدا هەڵە دەکەن، ئەم یاسایە یاریزان و راهێنەرە ئێرانییەکان ناگرێتەوە."
 
جگە لەوە پرسپۆلیس دەڵێت، بەیرانوەند هێشتا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە. هەوادارانی پرسپۆلیس دەڵێن، بەیرانوەند دوای پارە کەوتووە و پشتی کردووەتە شانازییەکانی ئەو یانەیە.
 
بەڵام ئەو خۆی شەوی رابردوو لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا گوتی، قەت گرنگیی بە پارە نەداوە، بەڵکو لە نامیهرەبانییەکان دڵی رەنجاوە و خستوویانەتە دۆخێکەوە کە دەبێت بەلایەکدا بڕیار بدات.
 
عەلیڕەزا بەیرانوەند خەڵکی لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو لە حەوت ساڵی رابردوودا ئەستێرەیەکی سەرەکیی تۆپی پێی ئێران بووە.
 
یانەی ئیستقلال، رکابەری مێژوویی پرسپۆلیس، چاوی بڕیوەتەوە تواناکانی بەیرانوەند. هەوادارانی ئیسقلال بۆ پێشوازی لەو لەبەردەم یانەکەدا کۆبوونەوە.
 
بەیرانوەند دانوستاندنی لەگەڵ ئەو یانەیەدا کردووە و بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ئێران، پارەی پێشنیازکراوی گرێبەستەکەی لە مێژووی تۆپی پێی ئێراندا کەموێنەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە