لە دوو ساڵدا 165 ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو ساڵی رابردوودا 165 ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە لایەن هاوژین، باوک، برا و کەسوکاری دیکەیانەوە کوژراون، ئەوە بە گوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئێران.
رۆژنامەی شەرقی ئێران لە راپۆرتێکی تایبەت بە ژن کوشتن کە رۆژی چوارشەممە 5-7-2023 بڵاویکردووەتەوە، باس لە ژن کوشتن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا لە هەر چوار رۆژێکدا ژنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراوە.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت، 108 کەسیان لە لایەن هاوژینەکانیان؛ 17 کەسیان لە لایەن برایان؛ 13 ژن لە لایەن باوکیان؛ 9 ژن بە دەستی کوڕیان و 19 ژنیش بە دەست کەسوکاری دیکەیان وەک خەزوور، برای هاوژین، مام، خاڵ و کەسانی دیکە کوژراون.
راپۆرتەکە لەبارەی شێوازی کوژرانی ژنانیش دەڵێت، 43 ژن بە چەک و 40 ژن بە چەقۆ کوژراون؛ هەروەها 35 ژن خنکێندراون، لێیان دراوە و سووتێندراون؛ هەروەها 37 ژنیش بە شێوازی دیکەی وەک خستنەخوارەوە لە بەرزایی و 10 ژنیش بە شێوازی نادیار کوژراون. لە 11 کەیسیشدا، بکوژ دوای کوشتنی ژنەکە، خۆی کوشتووە.
لە راپۆرتەکەدا ناسنامەی هەر 165 ژنە کوژراوەکە و شوێنی ژیانیان ئاشکرا دەکرێت و دەڵێت، 41٪ی ژنانی کوژراو لە پارێزگای تاران بوون و ئەوانی دیکەیان لە پارێزگاکانی دیکە، لەوانەش پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتە قسەیان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو ئامارانەی میدیای ئێران لەبارەی ژن کوشتن بڵاویان دەکاتەوە، زۆر کەمترن لەو ئامارانەی کە راستیدا هەن.