رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بۆ شەڕ ئامادەن، بەڵام دەستپێشخەری شەڕ نابن. جەختیشی کردەوە، "هەڕەشەی دووژمنان کارمان لێناکات و تەنانەت یەک هەنگاویش بەرامبەر دووژمن پاشەکشە ناکەین."
رۆژی شەممە، 5ـی نیسانی 2025، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "پار، ساڵێکی سەخت بوو بۆ ئێران و سوپای پاسداران. ساڵێک بوو پڕ لە هەوراز و نشێوی زۆر قورس، گەورە و سەخت."
حوسێن سەلامی ئاماژە بە کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا لە ساڵی 2024، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران و کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و فەرماندە باڵاکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی، "ئەم رووداوانە لە کاتێکدا بوون کە فەیلەقی قودسی ئێمە، لە یەک کاتدا لە چەندین بەرەدا لە یەمەن، عێراق، لوبنان و فەلەستین خەریکی شەڕ بوو."
سەلامی باسی لەوەش کرد، "دووژمن بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هاتووە بۆ لەناوبردنی شکۆ، کەرامەت و ناسنامەمان، هەروەها خۆبەدەستەوەدانی ئیسلام و ویلایەت، بەڵام ناتوانێت."
حوسێن سەلامی رەتیدەکاتەوە دوای رووداوەکانی ناوچەکە و بە تایبەت رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئێران لاواز بێت و باس لەوە دەکات، هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ ئەگەری هەر شەڕێک ئامادەن.
سەلامی دەڵێت، "ئێمە نیگەران نین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک خەمی شەڕمان نییە. ئێمە دەست بە شەڕ ناکەین، بەڵام بۆ هەر جۆرە شەڕێک ئامادەین. تینوێتی جیهاد لە نێو هێزە چەکدارەکان و خەڵکدا بۆ بەرگریکردن لە بوون و شوناسیان، راستییەکە. ئێمە ئامادەین بۆ هەردوو دۆخی ئۆپەراسیۆنی دەروونی یان کردەوەی سەربازی لەلایەن دووژمنەوە، بەڵام تەنانەت یەک هەنگاویش لە بەرامبەر دووژمن پاشەکشە ناکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ