پزیشکیان: ئێران خوازیاری گفتوگۆیەکی 'یەکسان'ـە لەگەڵ ئەمریکا

05-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆیەکی "یەکسان"  لەگەڵ ئەمریکا بکات، بێئەوەی روونیبکاتەوە کە ئایا تاران بەشداری لە گفتوگۆی راستەوخۆدا دەکات یان نا.
 
ئەم هەڵوێستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە پێشتر داوای لە تاران کردبوو لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن بکات، هەروەها هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئێرانی کردبوو ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەرکەوتوو نەبن.
 
ئێران ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە لەژێر هەڕەشە و گوشاردا گفتوگۆی راستەوخۆ بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ رایگەیاند، پێی باشترە "گفتوگۆی راستەوخۆ" لەگەڵ ئێراندا بکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێموایە گفتوگۆی راستەوخۆ باشترە. گڕوتینەکە زیاتر دەبێت و دەتوانین باشتر لە بەرەی بەرامبەر تێبگەین".
 
رۆژی شەممە پزیشکیان پرسیاری کرد: "ئەگەر لایەنەکەی دیکە دەیەوێت گفتوگۆ بکات، بۆچی هەڕەشە دەکات؟"
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئەمڕۆ ئەمریکا تەنیا سووکایەتی بە ئێران ناکات، بەڵکو سووکایەتی بە هەموو جیهان دەکات"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سیاسەتەکانی ترەمپ، لەنێویاندا سەپاندنی گومرگ بەسەر ئەو کاڵایانەی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان هاوردەیان دەکات.
 
بۆ چەندین دەیەیە، وڵاتانی رۆژئاوا، بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، تارانیان تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم. بەڵام ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تەنیا بۆ مەبەستی سڤیلە. 
 
رۆژی شەممە، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ جەنگ "ئامادەیە".
 
ئاژانسی ئیرنا لە زاری ئەوەوە بڵاویکردووەتەوە: "ئێمە هەرگیز نیگەران نین سەبارەت بە جەنگ. ئێمە دەستپێشخەر نابین بۆ جەنگ، بەڵام بۆ هەر جەنگێک ئامادەین".
 
ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی.
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن. 
 
لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد. 
 
رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران: پێویستە بژاردەی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵمان هەڵبگیرێت

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن ئامادەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەنگاونان بەرەو پێشەوە پێویستی بەوەیە "بژاردەی سەربازی" بەرامبەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامی نەبێت، بژاردەی سەربازی دێتە پێش