رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سەردانێکی بۆ دەرەوەی وڵات، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران شەهرام دەبیری، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری پەرلەمان لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 5ـی نیسانی 2025) نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاویکردەوە بڕیاری دوورخستنەوەکە دوای ئەوە هات، کە پشتڕاستکرایەوە شەهرام دەبیری بۆ پشووی نەورۆز چووەتە جەمسەری باشوور، لە کاتێکدا دۆخی ئابووریی وڵات خراپە و زۆربەی خەڵکی ئێران گوشاری ئابووری زۆریان لەسەرە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەسعود پزیشکیان لە بڕیارەکە بە جێگرەکەی دەڵێت، "لەم رۆژانەدا، دوای بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان، پشتڕاستکرایەوە بۆ پشووی نەورۆز لە گەشتێکی کاتبەسەربردندا بوویت بۆ جەمسەری باشوور. لە حکومەتێکدا کە شانازی بە شوێنکەوتنی مەولای خواپەرستان (مەبەست ئیمام عەلییە) دەکات و لە دۆخێکدا کە هێشتا گوشارە ئابوورییەکان لەسەر خەڵک زۆرن و بێبەشەکان لە وڵاتی ئێمە دا زۆرن، گەشتە گرانبەهاکانی بەرپرسانی فەرمی بۆ کاتبەسەربردن، تەنانەت ئەگەر لە سەر گیرفانی خۆیان بێت، بەرگری لێناکرێت و هیچ پاساوێک هەڵناگیرێت؛ هەروەها لەگەڵ پێوەری ژیانی سادەی بەرپرسانیش ناگونجێت."
پزیشکیان هەروەها دەڵێت "دۆستایەتی، هاوکاری و خزمەتە بەنرخەکانی ئێوە لە پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرووتر نین لە پابەندبوون بە راستگۆیی، دادپەروەری و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان دا بوون. بۆیە بە داوای لێبووردنەوە، ناتوانین بەردەوام بین لە کارکردن لەگەڵ ئێوە."
بەگوێرەی میدیای ئێران، شەهرام دەبیری لە پشووی نەورۆزی ئەم ساڵدا سەردانی ئەرجەنتین و جەمسەری باشووری کردووە و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسانی وڵاتی لێکەوتەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر، ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسەتڤانی ئێرانی داوایان لە شەهرام دەبیری کرد، دەست لەکاربکێشێتەوە، بەڵام دەبیری رایگەیاند، تەنیا بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، پۆستەکەی جێدەهێڵێت.
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندبوو، "بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆککۆمار، دەریخست لە حکومەتدا هیچ پابەندبوونێکی کەسی یان پەیوەندیدار ناتوانێت جێگەی پێوەرەکانی جێبەجێکردنی ئەرک بگرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ