فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ ئیسرائیل: هیچ کردەوەیەک لە دژی ئێران بێ وەڵام نامێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندی دایە ئیسرائیل و رایگەیاند، "هۆشداری دەدەین هیچ کردەوە و دەستدرێژییەک لە دژی ئێران بێ وەڵام نامێنێت."
 
رۆژی هەینی، 5ی نیسانی 2024، جەنەرال حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە رێپێوانی رۆژی جیهانی قودسدا لە تاران جەختی لە پشتیوانی ئێران بۆ فەلەستین کردەوە و رایگەیاند، "لەنێوچوونی رژێمی زایۆنی زۆر نزیکە."
 
سەبارەت بە ئامانجگرتنی باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کە بەهۆیەوە دوو فەرماندەی باڵا و پێنج راوێژکاری سوپای پاسداران کوژران، جەنەرال سەلامی هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتی، "هۆشداری دەدەینە رژێمی زایۆنی هیچ کردەوەیەکی دژی ئێمە لەلایەن هەر دوژمنێکەوە بێت، بێ وەڵام نامێنێت."
 
حوسێن سەلامی گوتیشی، "هەر وەک رێبەر گوتی قارەمانەکانمان رژێمی زایۆنی سزا دەدەن، تا تەرمی ئێمە لەم تابوتانەدا لەسەر دەستی خەڵکی بێت، هیچ دەسەڵاتێکی بەڕواڵەت گەورە ناتوانێت زیان بە ئەم میللەتە گەورەیە بگەیێنێت."
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران جەختی لە پشتیوانی تاران بۆ فەلەستین کردەوە و رایگەیاند، "راستە جوگرافیای غەززە لەسەر نەخشە بچووکە، بەڵام جوگرافیا سیاسییەکەی زۆر گەورەیە، هەروەها ئاستێکی گەورەی پاڵپشتی مەعنەوی بۆ گەلی فەلەستین لە جیهاندا دروست بووە، ئەمەش بە بەرخودانێکی ئەفسانەیی و مێژوویی بووە."
 
لە لایەکی دیکەوە، جەنەرال عەبدولرەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند، "هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە دیمەشقی سووریا، دەرخەری بێ هیوایی رژێمی زایۆنیە، هەروەها پێشاندەری ئەوپەڕی ترسیانە لە بەرەی مقاوەمە."
 
عەبدولرەحیم مووسەوی گوتی، "رێبەری باڵای شۆڕش گوتی، رژێمی زایۆنی 25 ساڵی داهاتوو نامێنێت، ئەمڕۆ لە سایەی مقاوەمە، شاهیدی لەناوچوونی ئەم رژێمەین و ئەمەش بەڵێنێکی ئیلاهییە."
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو. 
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەسی لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی خۆی پشتڕاستکردەوە و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.