بوومەلەرزەیەک لە خوزستانی ئێران روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.9 پلەی ریختەر پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تائێستا هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە ئەمڕۆ کاژێر 12:15 خولەکی نیوەڕۆ روویداوە، ناوەندی بوومەلەرزە لە شارۆچکەی مشراگە بووە و لە قوڵایی 16 کیلۆمەتری زەویدا تۆمارکراوە.
 
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگەیە وەک شاری ئەهواز، ئابادان، ماهشەهر و مەسجد سلیمان هەستی پێکراوە، بەڵام دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکان لەسەر زەرەر و زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، دام و دەزگە حکومیەکان لە پارێزگای خوزستان، بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
 
پێشتر هەر ئەمڕۆ، فرانک هۆگەربیتس، شارەزای بواری بوومەلەرزەزانیی هۆڵەندی کە پێشتر پێشبینیی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ساڵی رابردووی مەرەشی باکووری کوردستانی کردبوو، لە هێڵکارییەکدا مەترسیی روودانی بوومەلەرزەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی خستەڕوو. 

 

 
زانا هۆڵەندییەکە رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چەند چالاکییەکی بوومەلەرزەیی بچووک تێبینی کراون و "ئەگەری هەژانێکی بەهێزتر هەیە."