بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانی هەژاند

05-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر روویدا و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیانی گیانی و مادی نەبووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئاداری 2024، بوومەلەرزەیەک ناوچەی فەنوج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە رۆژهەڵاتی ئێرانی هەژاند و لە چەندین شار و ناوچەی دیکەی ئەو پارێزگایەش هەستی پێکرا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوکراونەتەوە، گوڕی بوومەلەرزەکەی سیستان و بەلووچستان 5.6 ریختەر بووە، ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری فەنوج بووە و لە قووڵایی 80 کیلومەتەری زەوی روویداوە.
 
سەید محەمەدمەهدی سەجادی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 07:50 بە کاتی خۆجێیی (07:20 بە کاتی هەولێر) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی ریختەر ناوچەی باکووری رۆژئاوای شاری فەنوجی هەژاند. 
 
بە گوتەی سەجادی، تیمەکانی مانگی سوور بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی زیانەکان رەوانەی ناوچەی بوومەلەرزە کراون و هەموو ناوەند و بنکەکانیان لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان خراونەتەوە ئامادەییەوە.
 
گوتیشی، تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە دەستیان.
 
حەسەن موسەفا، جێگری بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری سیستان و بەلووچستانیش دەڵێت، بوومەلەرزەکە لە ناحیەی کوتیجی سەر بە شاری فەنوج بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش هەستی پێکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 80 کیلومەتر روویداوە، تائێستا هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە