شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئێران و ئەفغانستان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران و سوپای تاڵیبانی ئەفغانستان لەسەر سنووری نیمرووز روویدا و هەردوو لایەن چەکی قورسیان دژبەیەک بەکارهێناوە.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی رۆژنامەی "هەشتی سوبحی" ئەفغانستان بڵاوبووەتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 14:00 بەکاتی ئێران، شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی سەرسنووری ئێران و ئەفغانستان لەسەر سنووری نیمرووز روویداوە. لە هەواڵەکەدا هاتووە، "هێزەکانی ئێران مووشەکیان ئاراستەی بارەگا ئەمنییەکانی تاڵیبان لە شارۆچکەی زرنجی سەر بە ناوچەی نیمرووز لەسەر سنوور کردووە و هەردوو لایەن چەکی قورس و سووکیان دژبەیەک بەکارهێناوە."
ئاژانسی هەواڵنێری فارسی سەر بە سوپای پاسدارانیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت؛ شەڕ و پێکدادان لەسەر سنووری نیمرووز لەنێوان ئێران و تاڵیبان روویداوە، بەڵام هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی پێکدادانەکە، هۆکارەکەیان ئاشکرا نەکردووە و میدیای سەر بە سوپای پاسداران دەڵێن، حکومەتی ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە هۆکاری ئەو پێکدادانە.
پێشتریش چەندجارێک لە نێوان هێزەکانی سەرسنووری ئێران و ئەفغانستان لە چەند ناوچەیەک، شەڕ و پێکدادان روویداوە.