داواکاریی گشتیی ئێران لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە 'زانیاری ناڕاست' لەبارەی تەقینەوەکان بڵاودەکەنەوە

05-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
داوکاری گشتیی ئێران بڕیاریدا ئەو کەس و لایەنانەی لە میدیاکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە رووداوی تەقینەوەکانی کرمان زانیاریی ناڕاست، نایاسایی و نووسین و بابەتی تاوانکارانە بڵاودەکەنەوە، دەستگیر بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
ئەمرۆ هەینی 05-01-2024، پەیوەندییە گشتییەکانی داواکاریی گشتیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، محەممەد موەحیدی، داواکاری گشتیی و شۆڕشی ئێران بریاریداوە، هەر کەس و لایەنێک لە میدیا یان سۆشیالمیدیا سەبارەت بە رووداوی تەقینەوەکانی کرمان زانیاریی ناراست و نووسین و بابەتی تاوانکارانە بڵاوبکاتەوە، دەستگیر بکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "بڕیارەکە بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و ناوەڕۆکی تاوانکارانە لە هەندێک میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا و تێکدان و شێواندنی دۆخی دەروونیی کۆمەڵگە دەرکراوە و پێویستە دەزگە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو کارانە هەیە، دەستنیشان بکەن و بەمەبەستی لێپرسینەوە و گرتنەبەری رێکاری گونجاو رادەستی دادگەکانیان بکەن."
 
 داواکاری گشتی ئێران بە نامەیەک هەموو داواکارە گشتییەکانی پاریزگاکانی ئەو وڵاتەی لە بڕیارەکە ئاگادار کردووەتەوە.
 
 لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە داواکارە گشتییەکان، بەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی پرۆسەکە بکەن.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا، کە بوونە هۆی کوژرانی 84 کەس و برینداربوونی 284 کەس.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، داعش لە تێلیگرامی خۆیەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە