سەرۆککۆماری ئێران: قاسم سولەیمانی نەیهێشت ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکە دروست ببێت

05-01-2024
سینا سۆما
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە شاری کرمان، بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان لە تەقینەوەکان هەبووە و رایگەیاند، پلانی ئەمریکییەکان بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکەدا، لەلایەن حاجی قاسم و هێزەکانی مقاوەمە پووچەڵکرایەوە، قاسم سولەیمانی نەیهێشت ئەم پلانەی ئەمریکییەکان سەربگرێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانیانی تەقینەوەکانی کرمان باسی رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەهێزکردنی ئێران لە ناوچەکە و هەموو جیهان کرد و رایگەیاند، "دوژمنیش دەزانێت ئێرانی ئەمڕۆ، ئێرانێکی بە‌‌هێز، قارەمان و خاوەنی هێزە و حاجی قاسم بۆ ئەم وڵاتە بەرهەمهێنەری هێز بووە."
 
ئیبراهیم رەئیسی گوتی، "هۆکاری رق و کینەی دووژمنان بەرامبەر قاسم سولەیمانی ئەوەیە کە حاجی قاسم کارێکی گەورەی کردووە."
 
رەئیسی بانگەشەی ئەوەی کرد کە داعش دروستکراوی دەستی ئیسرائیلەوە و گوتی، "رژێمی زایۆنی دەیویست لە ژێر ناوی ئیسلام خەلافەتێکی ئیسلامی لە ناوچەکەمان دروست بکات، لەوێ (فەلەستین) لە ژێر ناوی جوو و لێرەش لە ژێر ناوی ئیسلام. لە عێراق و سووریا، بەنیازی ئەوە بوو داعشی دروستکراوی خۆی وەک خەلافەتی ئیسلامی بکاتە دەسەڵاتدار، بەڵام حاجی قاسم سولەیمانی، بزووتنەوەی مقاومەی ناوچەکەی لە بەرامبەریاندا دروستکرد."
 
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئیران، سەرەڕای ئەوەی فەلەستین خاوەن هێزی ئاسمانی و دەریایی نییە و تەنیا خاوەن بەشێکی هێزی زەوینییە، بەڵام ئیسرائیلیان تووشی شکست و بێ هێواییەکی گەورە کردووە، وەک ئاماژەیەک بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە و سێ مانگە بەردەوامە.
 
ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، "قاسم سولەیمانی لەگەڵ هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە، شەو و رۆژ هەوڵیدا کە بزووتنەوەی شەیتانیی داعش و دروستکراوی ئەمریکییەکان لە عێراق، سووریا و هەموو ناوچەکە، رەگ دانەکوتێ و ئاسایشی ئەمڕۆی رۆژئاوای ئاسیا قەرزاری حاجی قاسم سولەیمانییە."
 
رەئیسی گوتی، "پلانی ئەمریکییەکان بۆ دامەزراندنی رژێمێکی دیکەی زایۆنی لە ناوچەکەدا، لە لایەن حاجی قاسم و هێزەکانی مقاوەمە پووچەڵکرایەوە. حاجی قاسم سولەیمانی نەیهێشت ئەم پلانەی ئەمریکییەکان سەربگرێت. کارێکی گەورەی کرد، رق و کینەی ئەمریکییەکان و رژێمی زایۆنی و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە حاجی قاسم و ناو و رێبازەکەی و زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکەی، هۆکاری کردەوە تیرۆریستیەکانیانە."
 
"ئیسرائیلی دووەم" یان "ئیسرائیلێکی دیکە" دەستەواژەیەکە زیاتر لە دوای گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوولی 2017ی باشووری کوردستان بەکاردێت.
 
رۆژی 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران کۆنفرانسێکی راوێژکاری سیاسیی باڵای تایبەت بە پرسی فەلەستین و دۆخی کەرتی غەززە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی لایەنە سیاسییە جیهانییەکان رێکخست. لە تورکیا، دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن تێیدا بەشدار بوو و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
دۆغو پەرینچەک لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان گوتی، "یەکگرتوویی تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا و رووسیا رێگریکرد لە دامەزراندنی دووەمین دەوڵەتی ئیسرائیل بەناوی (دەوڵەتی کوردستان) کە ویستیان لە رێگەی گشتپرسییەکەی 2017 دایمەزرێنن. بەمەش مۆدێلێکی نوێی ئاشتی پێکهێندرا. لەو کاتەدا من لە تاران بووم و کاری هاوبەشمان لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەکبەر ویلایەتی زۆر بەرهەمدار بوو. ئەو مۆدێلە نوێیەی ئاشتی ئەمڕۆش بەدی دەکرێت". 
 
رۆژی 4ی ئەم مانگە چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران تێپەڕی، کە لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە