وەزیری ناوخۆی ئێران: چەند گومانلێکراوێکی تەقینەوەکانی شاری کرمانمان دەستگیرکردوون

05-01-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، پەیوەندیدار بە تەقینەوەکانی شاری کرمان، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە گومان دەکەن دەستیان لە تەقینەوەکاندا هەبووبێت.
 
رۆژی هەینی، 05-01-2024، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەبارەی تەقینەوەکانی شاری کرمان سەرەداوی "باش"یان دەستکەوتووە و ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە تەقینەوەکاندا هەبووە. بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات.
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان و دۆخەکە لە کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکاندایە و دواتر لەبارەی تەقینەوەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان زانیاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە.
 
سەبارەت بە دوایین ئاماری کوژراوانی تەقینەوەکانیش، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند: "ژمارەی کوژراوان 88 کەسە کە 54 کەسیان ژن و 34یان پیاون، هەروەها 12 لەو کەسانەش خەڵکی ئەفغانستانن."
 
هەروەها، سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ئەمنی گوتی، پاشماوەی تەرمی دوو خۆکوژەکە دۆزراونەتەوە کە لە ناوقەد بەرەو سەرەوەیان نەماون. جەختی لەوە کردەوە کە بە تەواوی پشتڕاستکراوەتەوە، کە "هێرشەکان خۆکوژی و تیرۆریستین."
 
پێشتر راگەیێندرابوو، لە تەقینەوەکانی رۆژی چوارشەممەی شاری کرمان لە باشووری ئێران، 84 کەس کوژراون و 284  کەسیش بریندار بوون.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024 دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، داعش لە تێلیگرامی خۆیەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران راگەیاند و گوتی، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە