یەکێتیی ئەوروپا: زۆر نیگەرانین بەرامبەر بڕیاری ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20%

05-01-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن پیتاندنی یۆرانیۆم ئێران یەکێتیی ئەوروپا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیێنێت، ئەوان بە قووڵی نیگەرانن بەرامبەر بڕیاری ئێران بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20% و دەشڵێت وێڕای ئەو "پێشێلکارییە هەستیارە"ی تاران دژی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوان هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ پاراستنی رێککەتنەکە.
 
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد هەنگاوەکانی ئێران "کاریگەریی جیددییان دەبێت لەسەر قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی".
 
هەروەها باسی لەوە کردووە کە پاراستنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنێکدا دەبێت و یەکێتیی ئەوروپا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆئەوەی لایەنە بەشداربووەکانی رێککەوتنەکە پابەندبن پێیەوە؛ گوتیشی "ئەم هەنگاوە بێگومان پێشێلکارییەکی هەستیارە دژی رێککەوتنی ئەتۆمی و کاریگەریی جیددی دەبێت لەسەر قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی".
 
ئێران لە رۆژی دووشەممەوە بۆ یەکەمین جار دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 20% بەرزکردەوە.
 
بەرزکردنەوەی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئەو ئاستە لە کێڵگەی ئەتۆمیی فۆردۆو وادەکات ئێران یەک هەنگاو لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە دووربێت.
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان دەتوانن دەست لەو کارە هەڵگرن ئەگەر لایەنە بەشداربووەکانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەتەواوی پابەندبن پێیەوە.
 
هەفتەی رابردوو، ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئاگادارکردەوە لە نیازی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20%. شەوی دووشەممە ئاژانسەکە پشتڕاستیکردەوە کە ئێران دەستی بە زیادکردنی ئەو رێژەیە لە پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە.
 
هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە، گوتی، "بەرزکردنەوەی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ 20%، تەنیا نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات، بەڵام هۆشداریشی بە تاران دا کە ئیسرائیل هەرگیز ناهێڵێت ئێران چەکی ئەتۆمی دروستبکات".
 
نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە هاوشێوەی ئێستا، ئێران بڕیاریدا ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ 20% بەرزبکاتەوە، ئیسرائیل نزیکبوو لەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی.
 
ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزدا مانەوە تاوەکو ئەوکاتەی لە ساڵی 2015 رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆکرا و ئێران رازیبوو لە بەرامبەر لابردنی سزا ئابوورییەکان لەسەری، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم کەمبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە