تەرمی قاسم سولەیمانی گەیشتەوە ئێران

05-01-2020

18:53

ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕان: دەبێت رەوشەکە هێمن بکرێتەوە

 
 
شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە لە سلێمانی سەردانی کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی بەبۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس.
 
وشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرسەی قاسم سولەیمانی لە کونسوڵخانەی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە بڕوای ئێمە ئەو رووداوە رەوشەکەی زۆر ئاڵۆز کردووە، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو تێڕوانینەی خستووەتەڕوو، پێمانوایە دەبێت رەوشەکە هێمن بکرێتەوە، چونکە بەڕاستی ناوچەکە بەرگەی جەنگ ناگرێت و جەنگ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە".
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی "رەوشی عێراق ئەوە هەڵناگرێت جەنگێکی گەورە لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق و ناوچەکە دروست ببێت، چونکە دواجار زیانەکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە دەبێت. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە رەوشەکە هێمن ببێتەوە، هیوادارین بەو ئاراستەیەشدا بڕوات".
 
زیاتر بخوێنەوە

18:37

پارێزگاری هەڵەبجە: شەڕ لە قازانجی هیچ کەسێک نییە

 
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی بەشداریی لە پرسەی قاسم سولەیمانی کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە وەکو پارێزگای هەڵەبجە ویستمان بەشداری بکەین لەو کۆستە گەورەیەی رووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتەوە، هیوادارین هەم کۆماری ئیسلامی ئێران و هەم وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە و هەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی مامەڵەیەکی ژیرانە و حەکیمانە لەگەڵ ئەو دۆخە نەخوازراوە بکەن".
 
پارێزگاری هەڵەبجە هیوای خواست، هەموو لایەک بتوانن بە ئارامی و هێمنی ئەو کارەساتە تێپەڕێنن و کارێک بکەن ئارامی و هێمنی بۆ کۆماری ئیسلامی، کۆماری عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە.
 
ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوە کرد، پێیوایە شەڕ لە قازانجی هیچ کەسێکدا نییە، چ هێزێکی باڵادەستی وەکو ئەمریکا یان هێزێکی گەورەی هەرێمیی وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێت "هیوادارین شەڕ روونەکاتە هیچ مەملەکەت و دەڤەرێک. ئەمانە پێویستی بە لێبووردەیی و گفتوگۆ و دیالۆگە، چونکە شەڕ نە لە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نە لە قازانجی هەرێمە و نە لە قازانجی ناوچەکەشە، بەڵکو دۆخەکە مامەڵەی ژیرانە و حەکیمانە و پڕ سەلیقەی لەگەڵە، کاردانەوەکانی ئێرانیش تاوەکو ئێستا لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆیاندایە".
 
زیاتر بخوێنەوە

15:52

حیزبە کوردستانییەکان بۆ پرسەی سولەیمانی سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێران دەکەن

پرسەی قاسم سولەیمانی لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەڕێوەچوو و شاندی حیزبە کوردستانییەکان بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد.
 
کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر: تۆڵەدەکەینەوە

 

 
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نەسروڵڵا رەشنوودی کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر رایگەیاند: "بێگومان کۆماری ئیسلامی ئێران تۆڵەی خوێنی شەهید قاسم سولەیمانی و شەهیدەکانی دیکەی دەکەینەوە، ئەوەش داواکاری هەموو خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەوەی تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە بکەینەوە، بۆ ئەوەی ناوچەکە بە ئارامی بڕوات، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە بەدوای ئارامی ناوچەکەدا بووە، سەرجەم کۆششەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئارامی ناوچەکە بووە، ئارامی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر پەیوەندی بە ئاسایش و ئارامی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ناوچەکە بەرەو نائارامی بڕوات، بەڵام تۆڵە سەندنەوە لە خوێنی شەهید هەرچۆنێک بێت و هەر کاتێک پێویست بێت هەروەک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەیان پێداوە لە کات و شوێنی خۆیدا دەبێت و پشت بە خودا تۆڵە دەستێنینەوە".
 
کۆنسوڵی ئێران لەبارەی سەروەری خاکی عێراق دەڵێت: "خاکی عێراق هەمیشە جێی رێزی ئێمە بووە، ئێمە دراوسێیەکی کۆن و دێرینین، هەرگیز چاوی پاوانخوازمان بۆسەر خاکی عێراق نەبووە، هەرگیز کۆماری ئیسلامی ئێران سنووری عێراقی نەبەزاندووە، هیچ کات چاوی نەبڕیوەتە عێراق، ئەوەی ئێمە چاومان لێبووە هەمیشە، ئاسایش و ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق بووە".
 
فازڵ میرانی: هەوڵدەدەین عێراق نەبێتەوە مەیدانی ململانێکان
 
 
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دوای بەشداریکردن لە پرسەی قاسم سولەیمانی لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بۆ میدیاکان رایگەیاند، هەوڵدەدەین کە عێراق نەبێتەوە مەیدانی شەڕ و ململانێ هەرێمی و جیهانییەکان، فازڵ میرانی دەڵێت، پێویستە عێراق خوێندنەوە بۆ دۆخی ئێستای خۆی بکات و هەوڵبدات بۆ ئاشتکردنەوەی شەقامی عێراقیی و بەدەم داواکاریی خۆپێشاندەرانەوە بچێت.

لەبارەی کەسایەتی قاسم سولەیمانیشەوە فازڵ میرانی گوتی: "ئێمە هاتووینەتە پرسەی پیاوێک و فەرماندەیەکی گەورەی سوپای پاسدارانی ئێران، کە دۆستی میللەتی عێراق و کوردیش بووە لە قۆناخە جیاجیاکاندا، رۆڵێکی زۆری هەبووە لە شەڕی عێراق و ئێران، رۆڵێکی زۆر باشیشی هەبووە لە یارمەتیدانی عێراق و کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش. لە رێگەی کونسوڵخانەوە سەرەخۆشیمان ناردووە بۆ خانەوادەکەی، بەناوی سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی".

 

عەدنان موفتی: عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر ترسناک بووەتەوە

 

عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی هاتووین بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو قاسم سولەیمانی و هاوکارەکانیان بکەین کە لەو رووداوە دڵتەزێنە گیانیان لەدەستدا، ئێمە بەشداری خەمی کەسوکار و کۆماری ئیسلامی ئێرانین".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "ئومێد دەکەم لەو رۆژەدا عێراق و ناوچەکە کە رووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر ترسناک بووەتەوە، هەموو لایەک بە ئارامی و بە هەستکردن بە بەپرسیارێتی و حیکمەت چارەسەری ئەو قەیرانە بکەن، بۆ ئەوەی گەلی عێراق و گەلانی ناوچەکە تووشی شەڕ و پێکدادان نەبن".

 

 
زیاتر بخوێنەوە

09:16

تەرمی قاسم سولەیمانی گەیشتە ئەهواز

تەرمی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی ئەهواز

 

تەرمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس گەیشتە خاکی ئێران و خەڵکی شاری ئەهوازی سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری رۆژئاوای ئێران نزیک لە سنووری عێراق چاوەڕێی گەیشتنی تەرمەکەن.

ئەمڕۆ، یەکشەممە، لەدوای سێ رۆژ لە کوژرانی سولەیمانی لە بەغدا، تەرمەکەی گەیشتە خاکی ئێران و لەدوای تێپەڕبوونی بە شاری ئەهوازدا دەبردرێتە شاری مەشهەد و دواتر تاران و پاشان شاری ئایینیی قوم لە باشووری تاران و رۆژی سێشەممە، حەوتی ئەم مانگە رەوانەی شاری کرمان، زێدی خۆی دەکرێت.



 
زیاتر بخوێنەوە

07:59

تەرمی قاسم سولەیمانی گەیشتەوە ئێران

تەرمی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی ئەهواز
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی ئەهوازەوە لە باشووری ئێران، تەرمی قاسم سولەیمانی و 4 ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران کە لە بەرەبەیانی 3-1-2020 لە بەغدا کوژران گەیشتەوە ئێران.
 
زیاتر بخوێنەوە