رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ کاروبارە سیاسییەکان رایگەیاند، لە جنێڤ بە نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسایان گوتووە، "ئەگەر هەوڵ بۆ سەپاندنەوەی سزا بۆ سەر ئێران بدەن، تاران لە پەیماننامەی رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی دەکشێتەوە."
رۆژی هەینی، 29-11-2024، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ نوێنەرانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دوێنێ سێشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی جنێڤ کۆبووەوە و مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ کاروبارە سیاسییەکان و کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروبارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران بۆ کاروبارە سیاسییەکان دووپاتی کردەوە، لە جنێڤ بە شێوەیەکی زۆر راشکاوانە بە نوێنەرانی وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسایان گوتووە، ئەگەر هەوڵ بۆ سەپاندنی سزا بۆ سەر ئێران بدەن، تاران لە پەیماننامەی رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی دەکشێتەوە."
بە گوتەی ئیبراهیم رەزایی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاندووە، "ئێمە لە جنێڤ دانوستاندنمان نەکرد، تەنیا گفتوگۆمان کرد و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، چونکە هیچ دەق و کارنامەیەکی ئامادەکراو بۆ دانوستاندن نەبوو. هەوڵماندا سەرەتا چوارچێوەی کار لە گفتوگۆکاندا دیاری بکەین و تائێستاش دوورین لە دانوستاندن."
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و هەر سێ وڵاتی ئەورووپی بەڕێوەبچێت و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیش رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەربڕیوە.
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هەروەها دەڵێت، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروبارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانیش لە کۆبوونەوەکەدا روونیکردەوە، لە جنێڤ سەرکۆنەی بریارەکانی ئەم دواییە لەدژی ئێران کراوە، لەوانە گەمارۆی سەر کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و هێڵی ئاسمانی، راگەیێندراوی ئەم دواییەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە دوورگەکانی ئێران و بریارنامەی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
دەشڵێت، ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت لە چوارچێوەی یاسای هەنگاوی ستراتیژیدا و بە ئامانجی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دانوستاندن بکات و نابێت رێگە بدرێت ئاراستەی دانوستاندنەکان بەرەو وەردەکاری و پێشکەوتنەکانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە بڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ