پارێزگاری نوێی ورمێ دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای مانگێک و 13 رۆژ، حکومەتی ئێران کێشەی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێی بۆ ورمێ یەکلاکردەوە و کەسێکی تورکی ئازەری خەڵکی تەورێزی، وەک پارێزگاری نوێ دیاریکرد.
رۆژی چوارشەممە، (4ـی کانوونی یەکەمی 2024)، فاتیمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەت دا بریاردرا رەزا رەحمانی، وەک پارێزگاری نوێی ورمێ دەستنیشان بکرێت.
رەزا رەحمانی لە شوێنی محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری پێشووی ورمێ دەستبەکار دەبێت.
رەزا رەحمانی، خەڵکی تەورێزە و لە سێ خولی پەرلەمانی ئێران دا نوێنەری شاری تەورێز بووە. هەروەها لە کابینەی یەکەمی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانی بووە.
رۆژی 21-10-2024، بە بڕیاری کابینەی حکومەتی ئێران، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری پێشووی ورمێ وەک پارێزگاری نوێی تاران دەستنیشان کرا و لەوکاتەوە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سەرپەرشتیارەوە بەڕێوەدەبردرا.