گومرگی ئێران: لە 7 مانگدا قەبارەی بازرگانیمان گەیشتە 100 ملیار دۆلار

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان نزیکەی 100 ملیار دۆلار بووە.
 
رۆژی یەکشەممە 3ی تشرینی دووەم محەممەد رزوانیفەر، جێگری وەزیری ئابووری و دارایی ئێران و سەرۆکی گشتیی گومرگی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا بایی 60.2 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە کە 32.5 ملیار دۆلاری هەناردەی کەلوپەلە نانەوتییەکان بووە و بڕی 27.7 ملیار دۆلاریش هەناردەی نەوتە.
 
سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران گوتی، لەو ماوەیەدا بایی 39.5 ملیار دۆلار کەلوپەل هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە، کە 3.4 ملیار دۆلاری تایبەتە بە هاوردەکردنی زێڕ لە دەرەوە بۆ نێوخۆی ئێران.
 
محەممەد رزوانیفەر ئاماژەی بە باڵانسی بازرگانیی ئێران لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا کرد و گوتی، بە هەژمارکردنی هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، باڵانسی بازرگانی لە بەرژەوەندیی ئێراندایە و بڕەکەی 20.7 ملیار دۆلار بووە.
 
بە گوتەی رزوانیفەر، لەو ماوەیەدا 37.9 ملیۆن تۆن لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان بە بەهای زیاتر لە 15.2 ملیار دۆلار هەناردەی دەرەوە کراوە، کە لەڕووی کێشەوە 23% و لەڕووی نرخیشەوە 24% زیادیکردووە.
 
سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران دەڵێت، زیاترین هەناردەی ئێران رەوانەی حەوت وڵاتی چین، عێراق، ئیمارات، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان کراوە کە 83%ی هەناردەکە لەخۆدەگرێت و بڕەکەی بەم شێوەیە: چین 8.6 ملیار دۆلار، عێراق 7.3 ملیار دۆلار، ئیمارات 4.2 ملیار دۆلار، تورکیا 3.3 ملیار دۆلار، ئەفغانستان 1.3 ملیار دۆلار، پاکستان 1.2 ملیار دۆلار و هیندستان 1.1 ملیار دۆلار.
 
ئاماژە بەو وڵاتانەش دەکات کە ئێران زیاترین کەلوپەلی لێ هاوردە کردووە و دەڵێت، لە 7 مانگدا ئێران بایی 12 ملیار دۆلار کەلوپەل لە ئیمارات، بایی 10.2 ملیار دۆلار لە چین، 6.6 ملیار دۆلار لە تورکیا، 1.4 ملیار دۆلار لە ئەڵمانیا، یەک ملیار دۆلار لە رووسیا، 900 ملیۆن دۆلار لە هیندستان و 700 ملیۆن دۆلار لە هۆنگ کۆنگ هاوردە کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە