پزیشکیان: نوێژی هەینی بە گوتاری رێبەر نیشاندەری هێزە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، نوێژی هەینی بە گوتاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندەری ''هێز و یەکگرتوویی'' وڵاتەکەیە، گوتیشی، ''بێگومان منیش تێیدا بەشدار دەبم".
ئەمڕۆ هەینی 04-10-2024، لە تاران نوێژی هەینی کرا و رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتاری خوێندەوە، خامنەیی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرژییەکانی ناوچەکە و کوژرانی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان.
مەسعود پزیشکیان لە کاتی گەڕانەوەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەو بارەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: ''نوێژی هەینی بە گوتارخوێنیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندەری هێز، یەکگرتوویی و خۆڕاگریمانە".
هەر ئەمڕۆ لەگەڵ نوێژی هەینی، رێوڕەسمی رێزلێنان لە حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بەڕێوەدەچێت، کە لە هێرشی مووشەکیی 27ـی ئەیلوولی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت کوژران.
دەرکەوتنی خامنەیی وەکو گوتارخوێن لەکاتێکدایە، کە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، ئێرانیش رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 180 مووشەک راستەوخۆ هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند، ''ئەو هێرشە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بوو".
دوای هێرشەکەش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات. ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر، هێرشی دەکەینەوە سەر".
پزیشکیان بەر لە نوێژەکە گوتی: "بێگومان منیش لە نوێژی هەینیدا بەشدار دەبم، کرا لە ریزی پێشەوە و نەکرا لە ریزی دواوەوە، گرنگ ئەوەیە کە بەشداری دەکەم".
دوایین جار خامنەیی لە 17-01-2020، واتە دوو هەفتە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بوو کە وەکو گوتارخوێنی نوێژی هەینی دەرکەوت.