ئیبراهیم رەئیسی: خۆپێشاندانەکان پیلانی دووژمنانە


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا چەند کچ و ژنێکی شاری سنە دەبینن کە بەبێ لەچک لە شەقامێکی شارەکە شایی دەکەن و خەڵکیش لە چواردەوریان کۆبوونەتەوە. ئەو دیمەنانە کە جاران و ئێستاش لە ئێران قەدەخەکراون، لە دوای مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینییەوە، زوو زوو دووبارە دەبنەوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران خۆپێشاندانەکان بە "پیلانی دووژمنان" ناودەبات.
 
ژنان بۆ رزگاربوون لەو کۆت و بەندە قوربانی دەدەن. یەکێک لەو ژنانەی کە لە خۆپێشاندانەکان گیانی لەدەستدا، ناوی نیکا شاکەرەمییە و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دۆخی ژنان لە تاران چووە سەر شەقام و بێسەروشوین بوو، بەڵام دوای 11 رۆژ دەرکەوت کوژراوە.
 
دایکی نیکا دەڵێت، "ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونت بوو ئەزیزەکەم، ئەمڕۆ دەڵێم شەهیدبوونت پیرۆز نیکا."
 
هێزە ئەمنییەکان لە ترسی کاردانەوەکان تەرمی نیکای تەمەن 17 ساڵانیان نەدایەوە کەسوکارەکەی، هەر خۆیان بەخاکیان سپارد، دواتر بەشێک لە کەسوکارەکەی چوونە سەر گوڕەکەی و دروشمیان دا. 
 
شایەتحاڵێک کە بەڤیدیۆ کاتی بەخاکسپاردنی نیکا شاکەرەمی تۆمارکردووە، دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانن لە رێوڕەسمی نیکا شاکەرەمی. تەقەشیان کردووە، ئێمە دەنگی تەقەمان بیست. ئێستا بۆ رێوڕەسمەکە دەچین، چەکداریشن، سەیریان بکەن." 
 
خەڵک بەخاکسپاردنی تەرمی خۆپێشاندەران دەکەنە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی هەزار و 300 کەسیش بریندار بوون.
 
خۆپێشاندانەکان بەردەوامن، شەوی رابردووش بەشێک لە دانیشتووانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان و شیراز چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران بۆ پشتگیری لە متمانەدان بە وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، لە پەرلەمان قسەی کرد، پێیوابوو ناڕەزایەتییەکان دەستیان لەپشتە.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد، "دووژمن پێیوابوو بە گەمارۆ و هەڕەشە گۆشەگیرمان دەکات، بەڵام دووژمن کاتێک دەبینێت سەرەڕای هەموو گوشارەکان، گۆشەگیر نەبوویین؛ خۆی بێهیوا دەبێت، هەوڵ بۆ ئاژاوەگێڕی و پیلانگێڕی دەدات."
 
سەرەڕای سەرکوتکردن، ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتربوون. تەنانەت قوتابییانیشی گرتووەتەوە، لە قوتابخانەیەکی گەوهەردەشتی کەرەج قوتابییەکان بە درووشم بەڕێوەبەری پەروەردەیان لە قوتابخانە دەرکرد.