رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دەرەوەى ئوردن رایگەیاند، بۆ گفتوگۆى راشکاوانە چووەتە کۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانیان و دەڵێت، "کە لێرەم نامەى ئیسرائیلم پێنییە و نامەش بۆ ئیسرائیل نابەم".
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ى ئاب، ئەیمەن سەفەدى، وەزیرى دەرەوەى ئوردن سەردانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى کرد و لەگەڵ عەلى باقرى، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لەو سەردانەدا بەرپرسەکەى ئوردن پەیامێکى عەبدوڵڵاى دووەم، شاى ئوردنى گەیاندووەتە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکى ئێران لەبارەى دۆخى ناوچەکە و پەیوەندى دوو قۆڵى نێوانیان.
ئەیمەن سەفەدى گوتى، "من لێرەم بۆ گفتوگۆ لەبارەى ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارەى کە ناوچەکەى گرتووەتەوە، بۆ ئەوەى بچنە نێو گفوگۆی روون و راشکاو لەبارەى تیپەڕاندنى ناکۆکییەکانى نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکى شەفافانە کە بەرژەوەندى هەردوو وڵات بپارێزن".
مەسعود پزیشکیان لای خۆیەوە بە وەزیری دەرەوەی ئوردنی گوتووە، "کوشتنی هەنییە هەڵەیەکی گەورەی ئیسرائیل بوو، بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".
ئەو سەردانەى وەزیرى دەرەوەى ئوردن لەسەر بانگهێشتى کۆمارى ئیسلامیی ئێران بووە، لە سەرووبەندى کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسی فەلەستینى لە 31ى تەممووز لە تاران کە بەهۆیەوە هۆشدارى دەدرێت لە ئەگەرى ئاڵۆزبوونى دۆخى ئەمنى ناوچەکە.
ئەیمەن سەفەدى رایگەیاند: وڵاتەکەى راشکاو بووە لە سەرکۆنەکردنى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە و بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەرى دەوڵەتێک وەسفیکرد و گوتى، "دمانەوێت ناوچەکە بە ئارامى و ئاشتى و سەقامگیریى بژى، دەمانەوێت پەرەسەندنەکان کۆتاییان بێت، هەنگاوى یەکەم بۆ کۆتاییهێنان بەو پەرەسەندنانە ئەوەیە کە هێرشی ئیسرائیل لەسەر غەززە رابگیرێت".
وەزیرى دەرەوەى ئوردن گوتى، "کە لێرەم ( تاران) نامەى ئیسرائیلم پێنییە و نامەش بۆ ئیسرائیل نابەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ