ئێران یەکێک لە زیندانەکانی دادەخات

رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی چەندین گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەنگۆی چۆلکردنی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە ئێران، دەسەڵاتی دادی ئێران بەفەرمی پشتراستی کردەوە کە زیندانەکە چۆڵکراوە و دادەخرێت.
 
ئاژانسی میزان، کە میدیای فەرمی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بە بڕیاری موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئەو وڵاتە تەواوی زیندانیانی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج دەگوازرێنەوە بۆ زیندانێکی دیکە و ئامادەکارییەکان بۆ داخستنی ئەو گرتووخانەیە دەستیپێکردووە.
 
موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، مانگی ئاداری ئەمساڵ لە سەردانێکیدا بۆ شاری کەرەج رایگەیاندبوو، "زیندانی رەجایی شار کە دەکەوێتە ناو شاری کەرەج، بە زووترین کات دادەخرێت و دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی شار و شوێنی ئێستای لە دۆخی زیندان بگۆردرێت."
 
زیندانی رەجایی شاری کەرەج یەک لەو شوێنانەیە کە ژمارەیەکی زۆری زیندانی سیاسی ئێرانی و کوردی لێیە. دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووش ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی، کە لە خۆپێشاندانەکان و دواتر دەستگیرکران، بردرابوونە ئەو گرتووخانەیە.