دوایین راپرسی: پزیشکیان دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە لە نێوخۆی ئێران کراوە، پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا نزیکەی 45٪ بێت و مەسعود پزیشکیانیش زۆرترین دەنگ دەهێنێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا، نوێترین ئەنجامی راپرسی لەبارەی گەڕی دووەمی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بڵاوکردەوە و بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەش مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.
 
هەروەها بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، 49.5٪ـی بەشداربووان گوتوویانە دەنگ بە مەسعود پزیشیکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان دەدەن، لە بەرامبەریشدا 43.9٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، دەنگ بە سەعید جەلیلیی نەریتخواز دەدەن.
 
ناوەندی ئیسپا دەڵێت، 4.8٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە دەڵێن، هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن، هەروەها 1.8٪ـی دیکە وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە کە دەنگ بە کێ دەدەن.
 
راپرسییەکەی ناوەندی ئیسپا رۆژی چوارشەممە، 3ی تەممووز لە شار و گوندەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران کراوە، سێ هەزار و 606 کەس تێیدا بەشدار بوون و بە شێوازی گفتوگۆ بۆچوونیان وەرگیراوە.
 
رۆژی هەینی 5ی تەممووزی 2024، گەڕی دووەمی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەدەچێت و لە کاژێر 08:00 بە کاتی تاران (07:30 بە کاتی هەولێر) بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە و بۆ ماوەی 10 کاژێر بەردەوام دەبێت.
 
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی، بەربژێری نەریتخوازاندا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی 50٪ +1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
 
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاندووە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا، هەر یەکێک لە دوو بەربژێرەکە زۆرترین رێژەی دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تەواو کراون.
 
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە نێوان چوار بەربژێردا بەڕێوەچوو. 
 
لە گەڕی یەکەمدا، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێنا؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردەوە؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سێ ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێنا و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش، 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێنا؛ یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ بوون.
 
دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، لەو 61 ملیۆن و 452 هەزار کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە، زیاتر لە 24 ملیۆن و 535 هەزار کەس بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە و رێژەی بەشداریکردنی خەڵک نزیکەی 40% (39.96%) بووە.