تاوتوێکردنی شیاوبوونی بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەستیپێکرد

04-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە وردبوونەوە لە شیاوبوونی بەربژێرانی چواردەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەستی پێکردووە.
 
تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی چواردەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 28ی ئایاری 2024 دەستیپێکرد و دوێنی دووشەممە کۆتاییهات. بەگوێرەی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لەو پێنج رۆژەدا 80 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند، "لە پێنج رۆژدا بەدواداچوونەکانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بە شێوەیەکی ورد ئەنجام دەدرێن. بێگومان یاساکە ماوەی پێنج رۆژی دووەمیشی دیاری کردووە. پلانمان ئەوەیە لە پێنج رۆژی یەکەمدا کارەکان تەواو بکەین، بەڵام ئەگەر پێویست بوو، بەشێک لە وادەی دووەمیش بەکاردەهێنین."
 
بڕیارە چواردەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 28ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
 
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران ناوی ئەو 80 کەسەی بڵاوکردووەتەوە کە لە پێنج رۆژەکەدا ناوی خۆیان تۆمار کردووە؛ تەنیا چوار بەربژێری ژن ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
لەو 80 کەسەی خۆیان بەربژێر کردووە، ژمارەیەک کەسی ناسراو هەن، وەکو سەعید جەلیلی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی ئێران؛ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ئێران؛ عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران؛ مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران؛ محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری کولتووری کابینەی رەئیسی و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.
 
بەپێی مادەی 115ی دەستووری ئێران و مادەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، مەرجە سەرەکییەکانی بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بریتین لە:
 
- کەسایەتییەکی مەزهەبی و سیاسی بێت
- بە رەچەڵەک ئێرانی بێت
- نیشتەجێی ئێران بێت
- باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت
- توانای بەڕێوەبردنی هەبێت
- لانیکەم چوار ساڵ بەرپرسیارێتی لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەبووبێت
- پێشینەی تاوانی نەبێت و سزا نەدرابێت
- تەمەنی لەنێوان 40 ساڵ بۆ 75 ساڵ بێت
- بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەی هەبێت
- سەر بە گرووپ و رێکخراوی نایاسایی نەبێت
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە