لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی مەڕ بڕینەوەی ئاژەڵداران دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی مەڕ بڕینەوەی ئاژەڵدارانە. ساڵانە ئەم ئاژەڵدارانە بۆ پاراستنی ئاژەڵەکانیان لە نەخۆشی، لە وەرزی گەرمادا روویان لە کوێستانەکان دەکرد بۆ ئەو کارە، بەڵام ئەمساڵ هەر لەنێو گوندەکان مەڕەکانیان دەبڕنەوە.
 
ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوەڕگەی کوێستانەکان ئالیکیان کەمترە لە ساڵانی رابردوو. ئەوەش ئاژەڵدارانی ناچار کردووە بڕیاری فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان بدەن، بڕیارێک کە جگە لە زیان هیچی دیکەی بۆ ئاژەڵداران لێناکەوێتەوە.
 
بڕیاری هەڵگرتنی دراو بە نرخی حکومی بۆ هاوردەکردنی ئالیک و پێداویستییەکانی ئاژەڵداران و نەبوونی هاوکاری لەلایەن حکومەتەوە، یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە کاریگەریی لەسەر دۆخی ئاژەڵداران داناوە و بە جۆرێک ناچاری کردوون بۆ فرۆشتنی مەڕەکانیان.
 
لە دوو مانگی رابردوودا نرخی گۆشتی سوور لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام زیادیکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرانبوونی نرخەکان، هیچ کاریگەریی لەسەر دۆخی ئاژەڵداران نەبووە.