رووداو دیجیتاڵ
دەیەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو؛ لە رۆژی پێنجشەممە، 4-5 دەستی پێکرد و تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
بۆ ئەو فێستیڤاڵە، 120 هونەرمەند لە سەرانسەری ئێرانەوە دەچنە سەردەشت و بەیت و حەیران و مۆسیقای تایبەت بە ناوچەی خۆیان دەچڕن.
حەسەن حەسەنزادە، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و هونەری سەردەشت دەڵێت: بەیت و حەیران یەک لە هونەرە دێرینە مۆسیقاییەکانی کوردن کە سەدان ساڵە دەست بەدەست گەیشتوونەتە نەوەکانی ئەمڕۆ و لایەنگری تایبەتیی خۆیان هەیە لەنێو خەڵکدا. بەرپرسانی سەردەشت دەڵێن؛ هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەردەوامبوونی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ئەو هونەرەی پێبکەن.
باباخان ئەسکەندەری، قایمقامی سەردەشت دەڵێت: "بەیت و حەیران، میراتی پێشینیان و بابوباپیرانی ئێمەی کوردە کە پشت بە پشت لە هەزاران ساڵدا ئاگاداریمان کردووە و پاراستوومانە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بگاتە دەست ئێمە وەکو میراتگرانی ئەو هونەرە رەسەنە و ئەمڕۆش ئەرکی ئێمەیە چاودێری ئەو ئەمانەتە بکەین و بیپارێزین."
لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگای ورمێش ئامادە بوون و جەختیان لەوە کردەوە ئاسانکاری بکەن بۆ بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە رێوڕەسمانە، تاوەکو وەکو زمانێکی هاوبەش بۆ پەیوەندی لەنێوان پێکهاتەکانی نێو ئێران کەڵکی لێوەربگیرێت.
عەلیڕەزا نەورۆزی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی کولتوور و هونەری پارێزگای ورمێ دەڵێت: "هەندێک مۆسیقای وەک بەیت و حەیران کە دەتوانن زمانێک بن بۆ تێگەیشتن لە پێشینانمان و تێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوومان، ئەمڕۆ بووەتە ئەرکێک لەسەر شانمان بۆ ئەوەی بتوانین بە باشی بیگەیێنینە دەست نەوەکانی داهاتوومان و بە باشترین شێوە بیپارێزین. بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێکمان بخەینە گەڕ بۆ چاودێریی ئەم جۆرە مۆسیقییانە."
لە فێستیڤاڵەکەدا 22 گرووپی مۆسیقایی لە 16 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدارن و تاوەکو رۆژی کۆتایی دەرگاکانی هۆڵی هونەریی سەردەشت بۆ خەڵک کراوە دەبێت کە زیاتر ئەم هونەرە بناسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ