شەڕەکەی سیستان و بەلوچستان، کوژرانی 26 چەکداری جەیشولعەدل، پۆلیس و پاسداری ئێرانی لێکەوتووەتەوە

04-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە شارەکانی راسک و چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەردەوامە و تائێستا 15 "تیرۆریست" کوژراون. هەروەها بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، 11 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژراون.
 
لە شەوی چوارشەممەوە، کۆمەڵێک چەکدار لە شارەکانی راسک و چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پۆلیس و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنەکان بەردەوامە. 
 
جەنەراڵ محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "لە سێ هێرشی تیرۆریستی هاوکاتدا بارەگەی سوپای پاسداران لە چابەهار و راسک و بارەگەی پاسەوانیی سنوری دەریایی و بنکەی 11ی پۆلیس کرانە ئامانج و لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا 15 تیرۆریست کوژران"، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەیان بەرز ببێتەوە.
 
بە گوتەی جەنەراڵ پاکپوور، زۆربەی هێرشبەرەکان هێلەگی بۆمبرێژکراویان پێ بووە و دوای ئەوەی لە نێو باڵەخانەیەکدا گەمارۆ دران، خۆیان تەقاندەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێرانیش رایگەیاند، لە شارەکانی راسک و چابەهار شەڕ و پێکدادان هێشتا بەردەوامە و ژمارەیەک چەکدار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەماڕۆ دراون.
 
ئاژانسی فارسنیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە پێکدادانەکانی شەوی رابڕدووەوە تائێستا 11 کەس لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کوژراون، لەو 11 کەسە دوو کەسیان پۆلیس، دوویان ئەندامی هێزی پاسەوانیی سنوور و حەوت کەسیشیان ئەندامی سوپای پاسدارانن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بەیانیی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، لە پێکدادانەکاندا پێنج کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 10ـی دیکە بریندارن، هەروەها هەشت چەکدار کوژراون، پێنجی دیکەش دەستگیر کراون.
 
جەیشولعەدل، کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیاریێتی هێرشەکانی شەوی رابڕدووی لە شارەکانی راسک و چابەهاری لە ئەستۆ گرت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە