لە دوو شاری ئێران هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پۆلیس

04-04-2024
سینا سۆما
دیمەنی رووبەڕووبوونەوەکە
دیمەنی رووبەڕووبوونەوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵێک چەکدار لە شارەکانی راسک و چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پۆلیس و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوانیان بەردەوامە. سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت "تائێستا پێنج لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هەشت چەکداری تیرۆریست کوژراون." 
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024) میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، شەوی چوارشەممە، کۆمەڵێک چەکدار لە شارەکانی راسک و چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی پۆلیس.
 
سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند "کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو گرووپی تیرۆریستیی زایۆنیی جەیشول زوڵم (جەیش ئەلعەدل) لە شاری راسک هێرشی کردە سەر بارەگای سوپای پاسداران و لە شاری چابەهاریش هێرشی کردە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و پاسەوانیی سنووری دەریایی."
 
سەید مەجید میرئەحمەدی گوتی، ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بارەگاکان و کوشتنی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ئەو بارەگایانە بووە، بەڵام "هێرشەکان شکستیان هێناوە و تیرۆریستەکان ئابڵۆقە دراون."
 
میرئەحمەدی دەڵێت، "بە فەزڵی خوای گەورە، تیرۆریستەکان لە راسک رووبەڕووی شکستێکی 100٪ بوونەتەوە و لەژێر گەمارۆیەکی تەواودان، هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە جگە لە خۆڕادەستکردن یان کوژران، ئەمەش بە مانای کۆتاییهاتنی کردەوەی تیرۆریستانە. لە چابەهاریش، هێرشیان کردە سەر بارەگای سوپای پاسداران کە رووبەڕووی خۆڕاگری و ئازایەتی ئەندامانی سوپای پاسداران بوون و ناچار بوون بچنە نێو یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ژمارەیەک هاووڵاتییان لەوێ بە بارمتە گرت."
 
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، لە پێکدادانەکاندا پێنج کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 10ـی دیکە بریندارن، هەروەها تائێستا هەشت چەکدار کوژراون، پێنجی دیکەش دەستگیر کراون.
 
لە لایەکی دیکەوە، عەلیڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند هێرشی چەکداری لە شارەکانی راسک و چابەهار تێکشکێندراون و دۆخەکە لە کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.
 
بە گوتەی عەلیڕەزا مەرحەمەتی، پێکدادان و تەقەکردن لە شارەکانی راسک و چابەهار هێشتا بەردەوامە و ئۆپەراسیۆنی پێچەوانەی هێزە ئەمنییەکان لە دژی هێرشبەرەکان دەستیپێکردووە.
 
جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستان دەڵێت، لە چابەهار ژمارەیەک هاووڵاتی کە لە لایەن چەکدارانی جەیشولعەدلەوە بە بارمتە گیرابوون، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رزگار کران.
 
لەم ساڵانەی دواییدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، چەندین هێرشی چەکداری کراونەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گرووپی جەیشولعەدل بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن.
 
جەیشولعەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە کە دەڵێت، لەپێناو مافی بەلووچەکانی ئێران خەبات دەکات.
 
لە چەند مانگی رابردوودا چەندین هێرشی چەکداری لە سیستان و بەلووچستان روویانداوە کە بەرپرسانی ئێران، گرووپی جەیشولعەدل بەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن.
 
رۆژی هەینی 15-12-2023، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پۆلیس لە شاری راسکی پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، 11 پۆلیس کوژران و 8 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.
 
شەوی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، لە هێرشێکی چەکداریدا لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی خاش- ئیرانشەهر، ئەفسەرێکی پۆلیسی ئێران کوژرا. هەروەها رۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024، لە هێرشێکی دیکەدا لە شاری راسکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، پۆلیسێک کوژرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە