ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ: ساڵی رابردوو ئێران 853 کەسی لەسێدارە داوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی دۆخی مرۆیی لە ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کردووە بەوەی بەندیخانەکانیان کردووەتە گۆڕی بە کۆمەڵ.
رۆژی پێنجشەممە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی ناسراوە بە "ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ"، لەبارەی ئامارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران، ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو، لەو وڵاتە 853 کەس لەسێدارەدراون، کە زیاتر لە نیوەیان لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە.
هەروەها لەو راپۆرتەدا، ئەمنیستی هۆشداری داوە کە گوشاری تووندتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە، بۆ راگرتنی ئەو دیاردەیە لە ئێران، ئەگەر نا لە چەند ساڵی داهاتوودا، بە هەزارانی دیکە مەترسیی لەسێدارەدانیان دەکەوێتەسەر.
ئەمنیستی دەڵێت "دەسەڵاتدارانی ئێران بەندیخانەکانیان کردووەتە گۆڕەپانی کوشتن".
ئامارەکەی ئەمنیستی ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی 2023، 48٪ زیادیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا 56٪ی لەسێدارەدانەکان پەیوەندییان بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە.
هەروەها ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە هۆکاری زیادبوونی لەسێدارەدان بۆ شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی ئەیلوولی 2022ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگەڕێنێتەوە و رایگەیاندووە، نۆ لە کەیسی لەسێدارەدانەکانی ساڵی رابردوو پەیوەندیی بەو خۆپێشاندانانەوە هەبووە.
هەروەها رێکخراوی ئەمنیستی ئەوەشی راگەیاندووە، حەوت کەسی دیکە بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی سزاکەن.
بەپێی رابۆرتەکەی ئەمنیستی، دەسەڵاتدارانی ئێران لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە بۆ ئەمساڵیش بەردەوامن، تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 95 کەسیان لەسێدارەداون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەگەر گوشارێکی تووندی نێودەوڵەتی نەبێت، ئەمنیستی ترسی هەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان، وەکو ئامرازێکی سەرکوتکاریی بەکاربهێنن و لە چەند ساڵی داهاتوودا بە هەزارانی دیکە لەسێدارە بدەن".