​ شێرپەنجە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانە

رووداو دیجیتاڵ

شێرپەنجە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی خەڵکە و ساڵ بە ساڵ رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر دەبێت، بە رادەیەک ئێستا ئەو نەخۆشییە بووەتە یەکێک لە کێشە گەورەکانی کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە.
 
محەممەد ڕەزا مەسجدی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی شێرپەنجەی ئێران دەڵێت، ئێستا ساڵانە 135 تاوەکو 140 هەزار کەس تووشی شێرپەنجە دەبن. ساڵی 2016 ژمارەکە 112 هەزار کەس بووە. ناوەندی کۆنترۆڵی شێرپەنجەی ئێران پێشبینی دەکات، لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵانە لەو وڵاتەدا تووشی شێرپەنجە دەبن، دەگاتە 250 هەزار کەس.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو ژنان و پیاواندا شێرپەنجەی مەمک، پێست، گەدە، پرۆستات و ریخۆڵەن. پسپۆڕانی بواری شێرپەنجە بەشێکی زۆر لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو نەخۆشییە بەتایبەتی شێرپەنجەی پێست بۆ پیسبوونی کەشوهەوا لە شارە گەورەکان و بەرکەوتنی لە رادەبەدەری تیشکی خۆر لە شارە بچووکەکان دەگەڕێننەوە.
 
 
زەبیحوڵڵا شامورادی، مامۆستای زانکۆ دەڵێ "دەبێ هاوکارانمان لە کەرتی تەندروستی گرنگی بەوە بدەن، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان بە وردی تێبینی ئەو کەسانە بکەن، کە زۆرتر لەبەر تیشکی خۆردان، چونکە زۆرترین شێرپەنجەی پێست بەهۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆرە و لەو شوێنانە پیاوان زۆرتر لەبەر تیشکی خۆردان".
 
لە دوایین لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێراندا هاتووە، زۆرترین رێژەی شێرپەنجە لەو وڵاتە لە 10 پارێزگا تۆمارکراون، کە لەوانە دوو پارێزگای ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندان و جۆری باوی شێرپەنجەی ئەو دوو پارێزگایەش: شێرپەنجەکانی گەدە و ریخۆڵەن، کە سەرەتا وەکو برینێک دەردەکەوێت و دواتر تەشەنەدەسەنێت.
 
حوسێن ئەمیری، پزیشکە و باس لەوە دەکات دەرکەوتنی برینی ریخۆڵە و گەدە بەهۆی میکرۆبێکەوەیە، زۆرتر لەو خێزانانەدایە کە لەڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی خراپدان، یان دۆخی تەندروستییان باش نییە، یان ئەوانەی لە خانەی بەساڵاچوواندان، یان ئەو شوێنانەی چەند کەسێک پێکەوە لە ژوورێکدا دەژین، هەمووشی بەهۆی پابەندنەبوون بە رێکارە تەندروستییەکانە.
 
بەگوتەی وەزارەتی تەندروستی و ناوەندی کۆنترۆڵی شێرپەنجەی ئێران؛ بەرەوپیریچوونی کۆمەڵگە، پیسی هەوا، کەمیی جوڵە، قەڵەوی، جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان هۆکارە سەرەکییەکانی زیاتربوونی تووشبوونن بە شێرپەنجە لە ئێران.