رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پیشەسازی و کانزای ئێران بە ئامادەبوونی وەزیری پیشەسازی کۆبووەوە. زیانی بڕینی کارەبا و گاز لەسەر کارگەکان تاوتوێ کران.
سەید محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "پیشەسازان، کانەکان و ئەو خاوەن پیشانەی ئەم جارە بەهۆی کێشەی ناهاوسەنگیی وزەوە تووشی زیان بوون، لە لیژنەی ژێرخانی حکومەت پەسند کرا کە هاوکارییان بکرێت، ئەویش لە رێگەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی دانەوەی قەرزەکانیان یان دواخستنی قەرزەکانیان، هەروەها ئاسانکاری بۆ پێدانی هاوکارییە داراییەکان."
کارەبا و گازی 140 هەزار ڤێلا و خانوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڕاوە؛ 12 پاڵاوگەی تایبەتی بەرهەمهێنانی پیترۆکیمیایی گازیان لەسەر بڕاوە؛ هەروەها بەهۆی بڕانی گاز و کارەباوە 22 کارگەی چیمەنتۆ داخراون.
ژووری بازرگانیی ئێران، زیانەکان بە 250 تریلیۆن تمەن دەخەمڵێنێت. بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، پێناچێت بەم نزیکانە ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی کێشەکە هەبێت.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی کێشەکەوە باس لەوە دەکات، "هیچ لۆژیکی نییە بەڕاستی، ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە 19.5٪ـی نەوت و گازی جیهانی هەیە، بەڵام لە هاویندا کارەبامان نییە، لە زستانیشدا گازمان نییە. ئەگەر بەم جۆرە بڕۆینە پێش، هیچ کامێکیانمان نابێت. ئەوە دەریدەخات کێشەکە لە بەڕێوەبردنماندایە. پێویستە چارەسەری ئەم کێشانە بکەین."
بەردەوامیی کێشەکە وایکردووە وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش بێتە سەر هێڵ.
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاندووە، گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە واژۆ کردووە بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا و بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەبا.
موجتەبا یوسفی، پەرلەمانتاری شاری ئەهواز لەبارەی قەیرانەکانی وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ ئەگەر کێشەمان هەیە و قەیرانی نرخی دراوە بیانییەکان و قەیرانی وزە و بڕانی کارەبامان هەیە، بەهۆی ئەوەیە کە وەزیرەکانی ئەم کابینەیە کارنامە و پلانی گونجاویان نەبووە."
بەشێکی بەرپرسانی ئێران، هۆکاری سەرەکیی کەمیی گاز و کارەبا بۆ بەکارهێنانی زیادی گاز و کارەبا لە لایەن خەڵک و فەرمانگەکانی ئەو وڵاتەوە دەگەڕێننەوە، بۆیە بەردەوام داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش دان بەوەدا دەنێن کە لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت وەبەرهێنانی پێویستی لە کەرتی وزەدا نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ