دوایین ئاماری قوربانییانی تەقینەوەکانی ئێران؛ 84 کوژراو و 284 بریندار

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئێران دوایین ژمارەی کوژراو و بریندارانی دوو تەقینەوەکەی شاری کرمانی ئاشکرا کرد، کە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی روویاندا و رایگەیاند "84 کەس گیانیان لەدەستداوە و 284 کەسیش بریندار بوون."
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024 دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، تەقینەوەکان بەهۆی دوو بۆمبی چێندراوەوە بوون. ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، دوو بۆمبەکە لەنێو دوو جانتا بوون و لە سووچێکی گۆڕستانەکە جێهێڵدرابوون، لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ تەقێندراونەتەوە.
 
لەبارەی ئاماری کوژراو و بریندارانی دوو تەقینەوەکە تائێستا لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە چەندین ئاماری جیاواز بڵاوکراونەتەوە. 
 
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ لە کاتی بەسەرکردنەوەی بریندارانی تەقینەوەکان، رایگەیاند "بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن دادپزیشکیی وڵات راگەیێندراوە، لە تەقینەوەکاندا 84 کەس گیانیان لەدەستداوە و 284 کەسیش بریندار بوون." ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاندبوو 103 کەس کوژراون و نزیکەی 200 کەسیش بریندارن.
 
بە گوتەی وەحیدی، ژمارەیەک ناو لە لیستی کوژراواندا دووبارە ببوونەوە، بۆیە ئامارەکە بە 103 کەس راگەیێندرابوو. گوتیشی، ژمارەیەک بریندار لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانن، برینەکانیان سەختە و تەندروستییان ناجێگیرە، بۆیە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی قوربانییان هەیە.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران هەروەها رایگەیاند، لە دوای تەقینەوەکان دۆخی پارێزگای کرمان ئێستا ئارامە و پۆلیس و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەبارەی رووداوەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن.
 
ئەحمەد وەحیدی، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، بکەران و ئەو کەسانەی لە پشت تەقینەوەکانی شاری کرمانن، بە تووندی سزا دەدرێن و گوتی، "بکەران و پشتیوانانی ئەم رووداوە تیرۆریستییە، پێویستە لە تووڕەیی گەلی ئێران بترسن."
 
محەمەد مەهدی فەداکار، پارێزگاری کرمانیش ئەمڕۆ بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاندووە، "ئەو ئامارە سەرەتاییەی رۆژی رابردوو لەبارەی ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکان راگەیێندرابوو، گۆڕاوە و بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی کوژراوان 84 کەسن و 284 کەسیش بریندار بوونە."
 
بەگوتەی محەممەد مەهدی فەداکار، تائێستا ناسنامەی 70٪ـی تەرمەکان ئاشکرا کراوە، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای کرمانن و هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی تەرمەکانی دیکە بەردەوامە.
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، لەبەر ژمارەی زۆری قوربانییانی تەقینەوەکانی شاری کرمان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە سەرانسەری ئەو وڵاتە ماتەمینیی گشتییە.
 
قاسم سولەیمانی، کەسایەتی سەربازیی ئێران و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە 03-01-2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا کوژرا.