فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە تاران کوژرا

04-01-2023
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تاران، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.
 
قاسم فەتحوڵڵاهی، فەرماندەی بنکەی بەسیجی ساروڵڵا لە مزگەوتی ئیمام سەجاد و یەکێک لە فەرماندەکانی بنکەی محەممەد رەسوولوڵڵای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی موختاریی تاران، لەگەڵ یەکێک لە جێگرەکانی، کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللـەی چەند کەسێکی نەناسراو و لە ئەنجامدا قاسم فەتحوڵڵاهی گیانی لەدەستدا و جێگرەکەشی بریندار بوو.
 
میدیای سەر بە سوپای پاسداران لەبارەی شێوازی کوشتنەکەی نووسیویانە، هێشتا نازانرێت تەقەکەرەکان کێن، بەڵام کردەوەکە بە "تیرۆریستی" ناو دەبەن و باس لەوە دەکەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکرێت.
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگ و نیوی رابردوودا کە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون، 67 کەس لە ئەندامانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
 
هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، کوژرانی فەرماندەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەخەنە ئەستۆی ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران و تاوەکو ئێستا سزای لەسێدارەدانیان بەسەر چەند خۆپێشاندەرێکیشدا سەپاندووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە