حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار لەسەر پێکهێنانی لێژنەی ئەمنی دەکەن
رووداو- هەولێر
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی دەکەن و بۆ پێکهێنانی، ئەم هەفتەیە لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبردووە.
لەو کۆبوونەوەدا لایەنەکانی بەشدار، پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی ئەو لیژنەیە خستووەتەڕوو و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوانیاندا، پێشنیازەکان لەچوارچێوەی گەڵاڵەیەکی هاوبەشدا رێکبخەن. لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، دوای تەقینەوەکانی بەردەم دەفتەری سیاسی حدک، زیاتر هەستیان بە پێویستی یەکڕیزی کردووە.
لە کۆبوونەوەی یەکەمیاندا، نوێنەرانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی کاری هاوبەشی ئەمنی خستووەتەڕوو و ئێستا هەر کام لە حیزبەکان خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازی لایەنەکانی دیکەن.
بڕیارە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا دووبارە کۆببنەوە. پێشنیازەکان لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەش بووە کە بە وردی چاودێری پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات دژی ئەو حیزبانە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو کاتەی مەترسییان لەسەر نەبوو ئامادەنەبوون لە یەک چوارچێوە یان هاوپەیمانێتیدا کار بکەن، بەڵام ئێستا کە دەڵێن ئاماژەی روون بۆ بوونی مەترسی دەبینن، هیچکامیان لارییان نییە هاوکاری لایەنەکانی دیکە بکەن.