عێراقچی: ئەگەر سووریا داوای هاوکاریی سەربازی بکات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەگەر سووریا داوای هاوکاریی سەربازی بکات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و هەوڵی دەستپێشخەرییەک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە".
رۆژی سێشەممە، 3-12-2024 ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕانەوەی لە سەردانەکەی دیمەشق و ئەنقەرە رایگەیاند،" فراوانبوونی چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا زیاتر زیان بە وڵاتانی دراوسێی سووریا وەک عێراق، ئوردن، ئێران و تورکیا دەگەیێنێت".
عێراقچی گوتی،" ئیمە ئامادەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و ئەگەر سووریا داوای هاوکاریی سەربازی بکات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین".
عێراقچی گوتیشی،" ئێران فەرماندەیی بەرەی مقاومە لە وڵاتانی عەرەبی ناکات و هەروەها پەیوەندیی رێکخراوەیی لەگەڵ ئەواندا نییە، بەڵکو پشتیوانی لە بیروڕای ئەوان دەکات و ئەگەر پێویست بکات هاوکارییان دەکات".
رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە تاران گوتی: "ئێمە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەسەر داواکاریی فەرمیی حکومەت، ئەو کاتەی کە گەلی سووریا رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر بووەوە، چووینە نێو سووریا".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "راوێژکارە سەربازییەکانمان پێشتر لە سووریا بوون، هەر لە سووریاش دەمێننەوە".
عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەسەد، پاڵپشتی تارانی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە.
لە رۆژی چوارشەممەوە، 27-11-2024، گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب کرد.