سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەکان: وڵاتانی رۆژئاوایی بەرامبەرمان شکستیان خوارد


رووداو دیجیتاڵ 

ناڕەزاییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کەمتر بوونەتەوە و بەرپرسانی ئێران زیاتر لەو رۆژانەی ناڕەزایی لەئارادابوو، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەن. سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: کێشەکە بە قازانجی دەسەڵات یەکلابووەتەوە و وڵاتانی رۆژئاوایی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی شکستیان خوارد. 
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی دەستوورم لە ئەستۆیە و خۆم بە داکۆکیکاری مافی هەموو گرووپەکان، هەموو ئەتنیک و مەزهەبەکان لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانم." 
 
ئیبراهیم رەئیسی گوتیشی: "پێموایە ئێرانێکی بەهێز تەنیا بە جێبەجێکردنی دەستوور دێتە ئاراوە. چۆن دەبێت داکۆکی لە وڵاتانێک لەو ناوچەیە بکەن کە لە مێژووی خۆیاندا تەنیا یەک هەڵبژاردنیشیان تێدا بەڕێوەنەچووە، بەڵام دوژمنی وڵاتێک دەکەن کە بە ژمارەی ساڵانی دوای شۆڕش هەڵبژاردنی کردووە. جیهان چۆن باوەڕ بە قسەی ئەوانە بکات، لەبارەی داکۆکی لە دیموکراسی یان مافی مرۆڤ."
 
لەنێو خودی دەسەڵاتی ئێرانیشدا هەموو باوەڕیان بەوە نییە خۆپێشاندانەکان تەنیا هاندانی وڵاتانی رۆژئاوایی بێت. شەهریار حەیدەری، پەرلەمانتاری قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: 90%ی ئەوانەی هاتنەسەر شەقام لە دۆخەکە ناڕازین و 10%یان ئاژاوەگێڕن. دەشڵێت، بەشی زۆری ناڕەزاییەکان پەیوەندی بە بێ کاری و خراپی دۆخی ئابوورییەوە هەیە. 
 
د. رەزا ئومیدی دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک رێژەی هەژاری لە 2005 تاوەکو 2015 پێنج هێندە زیادیکردووە و بەپێی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان، 35%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان. "دەسەڵات سیاسەتێکی دروستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری نییە و هیوایەک بە چارەسەربوونی نییە."
 
ناڕەزاییەکانی ئەمساڵ درێژترین و فراوانترین ناڕەزایی خەڵک دژ بە دەسەڵات بوون لە تەمەنی 43 ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا. 
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە دوو مانگ و نیوی رابردوودا لە 159 شار خۆپێشاندان کراوە و 469 کەس بە تەقە یان لێدانی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 18 هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون. ئەوان بەهۆی داوای نەمانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت.