سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ دووکاندارێکی سنە دەبێتە کێشە

03-12-2022
فواد حەقیقی
کاتی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆلای دووکاندارەکە
کاتی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆلای دووکاندارەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ سنە کێشەی بۆ دووکاندارێکی کورد دروستکردووە کە چەرەزات دەفرۆشێت، ئەوەش دوای ئەوەی رەئیسی لە بازاڕی شارەکەدا سەردانی کرد. 
 
پێشوازیی گەرمی ئەو دووکاندارە لە سەرۆککۆماری ئێران، وایکرد زۆر کەس بڵێن ئەو هاونیشتمانییە سەر بە حکومەتە و پێشتر هاوئاهەنگی لەگەڵ کراوە. بەهۆی ئەوەی لە سۆشیاڵمیدیا زۆر قسەی لەسەر کرا، دووکاندارەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت، ئەو رووداوە لەناکاو روویداوە و پێشتر پلانی بۆ دانەنراوە.
 
فەیزوڵڵا قادری، دووکاندار هەروەها لە روونکردنەوەکەیدا دەشڵێت، "من وابەستەی هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەت نیم و تائێستا هەزار تمەنی حکومەت نەهاتووەتە ماڵەکەم." گوتیشی، ناڕەحەتە لەوەی کە ئەو بابەتە زۆر قسەی لەسەر کراوە، چونکە هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانەنرابوو.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سنەی کرد، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پیشانی بدات دۆخ زۆر ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. شەوی رابردوو دیسان خۆپێشاندەران لە شاری قوروە لە پارێزگای سنە چوونەوەسەر شەقام. ناڕەزایەتییان بەبێدەنگی دەربڕی، بێئەوەی دروشم بدەن. 
 
ناڕەزایەتییەکان ژنان رۆڵی گرنگیان تێدا هەیە. تەنانەت لە بەلوچستان کە لە پەیوەندیی لەگەڵ دۆخی ژنان و مافەکانیان زۆر خۆپارێزترە، بەڵام ئێستا نە تەنیا رۆڵی پێشەنگیان هەیە، بەڵكو پشتیوانی لە ژنانی کوردیش دەکەن.
 
فەریبا بەلوچ، چالاکڤانی بەلوچ باسی لەوە کرد، "ئێمە ژنانی بەلوچستان رادەگەیێنین پشتیوانیی لە هاووڵاتییەکانمان لە کوردستان دەکەین و پێمان وایە، ئازادی بەبێ یەکسانی وەدینایەت. ئێمە لەگەڵ هاووڵاتییەکانمان لە کوردستان بۆ گەیشتن بە یەکسانی هەوڵ دەدەین."
 
ناڕەزایەتییەکان بە ناڕەزایەتی لەدایکبووانی دەیەی دوو هەزار و نەوەی نوێ ناسراوە، بەڵام ئێستا پۆلیسی ئێران ڤیدیۆیەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەوانەی لە دەیەی دوو هەزاردا لە دایکبوون ئەمانەن و ئەوەی دوژمن وەک لە دایکبووانی دەیەی دوو هەزار پیشانی دەدات راست نییە."
 
لە ناڕەزایەتییەکاندا بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، تەنیا لەنێو منداڵاندا 64 کەس کوژراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە