لە ئێران ناوەندێکی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر سووتا و 32 کەس گیانیان لەدەستدا

03-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە ناوەندێکی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان لە ئێران، 32 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسیش بریندار بوون.
 
بەپێی میدیای ئێران، ئەمڕۆ هەینی، 03-11-2023، لە شاری لەنگرودی سەر بە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران ئاگر لە ناوەندێکی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان کەوتەوە و بە هۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
لە رووداوەکەدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 06:00 بەکاتی تاران [کاژێر 05:30 بەکاتی هەولێر] روویداوە، 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
داواکاری گشتیی گیلان رایگەیاند، تەرمی قوربانییانی رووداوەکە گوازراونەتەوە دادپزیشکیی شارەکە، هەروەها بەڕێوەبەرانی ناوەندەکە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پەیوەندیدار بە رووداوەکە لە ژێر چاودێریدان.
 
لە لایەکی دیکەوە، موحسین ئیژەیی، سەرۆکی دەستەڵاتی دادی ئێران فەرمانی بە دەزگەی دادی پارێزگای گیلان کردووە، بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بکرێت و ئەنجامەکەی ئاشکرا بکرێت.
 
میدیای ئێران دەڵێت، بەپێی بەڵگەکان ئەو ناوەندە لە توانایدا بووە 40 کەس وەربگرێت، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی دیار نییە چەند کەس لەو ناوەندە وەرگیرابوون.
 
سادق نیارەکی، سەرۆکی گشتی دەستەڵاتی دادی پارێزگای گیلان رایگەیاند، بەڕێوەبەری ناوەندی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە.
 
نیارەکی گوتیشی، "لە یەکەمین هەنگاودا، بە بڕیاری داواکاری گشتی ژمارەیەک کەسی کەمتەرخەم و لەوانەش بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەستگیرکران، بۆ ئەوەی هۆکاری رووداوەکە بە وردی دیاری بکرێت."
 
محەممەد جەلایی، جێگری پارێزگاری گیلان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان رووداوەکە بە هۆی ئاگرگرتنی سوبا بووە، دوای ماوەیەک ئاگرەکە دەگاتە پەردەکان و دواتر بەرەو هەموو بینا تەشەنە دەکات.
 
بە گوتەی جەلایی، لە ناوەندەکە زیاتر لە توانای رێگەپێدراو کەسی ئالوودەبوو بە مادەی هۆشبەر وەرگیراوە، بۆیەش لە کاتی ئاگرگرتنی شوێنەکە زۆر قەرەباڵخ بووە و ژمارەی قوربانیان بەرزە.
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە