دوای زیاتر لە چوار ساڵ؛ سبەی خامنەیی لە تاران گوتار دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە سبەی لە تاران نوێژی هەینی بە گوتارخوێنیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت خامنەیی لە گوتارەکەیدا تیشک بخاتە سەر گرژییەکانی ناوچەکە و کوژرانی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان.
 
ئاژانسی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، هەر سبەی لەگەڵ نوێژی هەینی، رێوڕەسمی رێزلێنان لە حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بەڕێوەدەچێت، کە لە هێرشی مووشەکیی 27ـی ئەیلوولی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت کوژران.
 
دەرکەوتنی خامنەیی وەکو گوتارخوێن لەکاتێکدایە، کە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، ئێرانیش رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 180 مووشەک راستەوخۆ هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند، ''ئەو هێرشە لە تۆڵەی شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس؛ سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بوو".
 
دوای هێرشەکەش، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات. ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر، هێرشی دەکەینەوە سەر".
 
دوایین جار خامنەیی لە 17-01-2020، واتە دوو هەفتە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بوو کە وەکو گوتارخوێنی نوێژی هەینی دەرکەوت.