لە سیستان و بەلووچستانی ئێران 3 چەکدار کوژران

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "تۆڕێکی تیرۆریستی" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هەڵوەشێنرایەوە و لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدا سێ چەکداری تۆڕەکە کوژراون.
 
بەپێی ئیرنا کە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئیتڵاعات و هەواڵگریی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی "تۆڕێکی تیرۆریستی" سەر بە گرووپی جەیشولعەدل لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کردووە.
 
ئۆپەراسیۆنەکە شەوی چوارشەممە کراوە و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و چەکدارانی گرووپی جەیشولعەدل روویداوە و رووبەڕووبوونەوەکە چەند کاژێرێک بەردەوام بووە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە پێکدادانەکەدا سێ چەکدار کوژراون و چەند چەکدارێکێش دەستگیرکراون، هەروەها دەست بەسەر بڕێک تەقەمەنی و ژمارەیەک چەکیشدا گیراوە.
 
لە سێ رۆژی رابردوودا چەندین هێرشی چەکداری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران کراون، بەهۆیەوە حەوت کەس لە بەرپرسان و هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، یەکێکیان فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانە.
 
رۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە شارۆچکەی بێنتی سەر بە شاری نیکشەهری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، چەند چەکدارێک دەستڕێژی گولـلەیان لە فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەکە کرد. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە رووداوەکەدا پەرویز کەدخودایی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی بێنت و یوسف شیرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەکە لەگەڵ دوو سەرباز بە ناوەکانی جەواد ساداتی و موجیب بەلووچی گیانیان لەدەستدا.