سوپای ئێران مانۆڕ بە درۆنە سەربازییەکانی دەکات

03-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئێران ئەمرۆ مانۆڕێکی درۆنیی لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستپێکرد، تێیدا چەندین جۆری درۆنی ئێرانی کە ژمارەیان دەگاتە 200 درۆن بەکاردێنێت.
 
بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، هێزەکانی زەوینی، ئاسمانی، دەریایی سوپای ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزەکانی یەکەی شەڕی ئەلیکترونی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپا لە مانۆڕەکەی ئەمرۆدا بەشدارن. حەبیبوڵڵا سەیاری، جێگری هاوئاهەنگیکاری سوپای ئێران سەرپەرشتی مانۆڕە دەکات.
 
حەبیبوڵڵا سەیاری، ئەمرۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، مانۆڕەکە لە تەواوی سنوورەکانی ئێران و کەنداو و دەریای عومان بەڕێوە دەچێت و 200 درۆنی ئێرانی لە جۆرەکانی موهاجیر2 و موهاجیر 6، ئەبابیل 3، 4، 5، کەمان 12، یەزدان، چەمروش، یەسیر، سادق و پلیکان بەشدارن و راهێنان لەسەر چاودێریکردنی سنوورە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێران دەکەن.
 
حەبیبوڵڵا سەیاری جەختی لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئێرانی لە رێگەی تەکنەلۆژیای نۆی و پێشکەوتوو کردەوە و گوتی، "لەم مانۆڕەدا تەنیا سوود لە بەشێکی کەم لە دەستکەوتەکانی درۆنی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران وەرگیراوە و بەهێزی و ئامادەیی یەکەکانی بەشدار لەو مانۆڕەدا لەلایەن پسپۆڕان و هەڵسەنگێنەرانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بریارگەی ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا و فەرماندەیی گشتیی سوپاوە هەڵدەسەنگێندرێت. لەم مانۆڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی سوپا لە هەلومەرجی تایبەت و سەختدا بەکاردەهێنرێن و لە بوارەکانی چاودێری و سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاری، شەڕی ئەلیکترۆنی و شەڕدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت."
 
فەرماندەی مانۆڕەکە هەروەها دەڵێت، "وردبینی و هێزی چەکەکان، ئاستی بەردەوامیی فڕین و توانای سیستەمەکانی ئاراستە کردن و کۆنترۆڵکردنی درۆنەکان و هەروەها توانای شەڕیدرۆنەکان لەم مانۆڕەدا تاقیدەکرێنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە