عەلی خامنەیی داواکاریی خۆپێشاندەران رەتدەکاتەوە: 'بەکرێگیراوی دووژمنانی ئێرانن'

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران خۆپێشاندان بەردەوامە. خۆپێشاندەران لە شارەکانی کرماشان و سنە دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران دەڵێنەوە و وێنەی دەسەڵاتداران و هێماکانی دەسەڵات دەسووتێنن؛ لە بۆکان، مەریوان، سەقز و پاوەش خۆپێشاندان بەردەوامە.
 
بەشێک لە خۆپێشاندەران دروشمی "مردن بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە، ئەو دروشمە و "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن. ئەوان داوای گۆڕینی دەسەڵات دەکەن، بەڵام دەسەڵات شتێكی دیکە دەڵێت.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، "هەندێکیان کەسانێکن کە سۆز و هەڵچوون رایکێشاون بۆسەر شەقام. بە تەمبێکردنێک دەکرێت کێشەی ئەوانە چارەسەر بکرێت، رێنوێنی بکرێن و تێبگەیێندرێن کە هەڵە دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان بەو شێوەیە نین. بەشێکیان بەجێماوانی ئەوانەن لە 40 ساڵی رابردوودا وێیان کەوتووە. مونافقەکان، جیاییخوازەکان، بەجێماوانی رژێمی بێزراوی پەهلەوی. دەزگای داد دەبێت بەپێی رێژەی بەشدارییان، ئەو کەسانە دادگایی بکات و سزایان بدات."
 
دوای 16 رۆژ لە ناڕەزایەتی، رۆژی دووشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بە "نا" وەڵامی خواستی خۆپێشاندەرانی دایەوە و خۆپێشاندەرانی بە "بەکرێگیراوی دووژمنانی ئێرانن" ناوبرد.
 
رێبەری باڵای ئێران گوتی، "ئەوانە لەوە دڵگران نین کەسێک مردووە. درۆ دەکەن. بەوە دڵخۆشن کە بیانوویان دەستکەوتووە تاوەکو بتوانن رووداوێک دروستبکەن. چۆن دەبێت رێکخراوێک، دەزگایەکی گەورەی خزمەتگوزار تۆمەتبار دەکەن و بێڕێزیی پێدەکەن، لەبارەی ئەگەری ئەوەی کەسێک یان دوو کەس هەڵەیەکیان کردووە، ئەویش پێش ئەوەی دڵنیابن و لێکۆڵینەوەی لێبکرێت."
 
بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان لە هەموو ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 133 کەس؛ لانیکەم 23 کەس لە کوژراوان کوردن.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەزار و 138 کەس دەستبەسەر کراون.
 
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژی هەینی لە زاهیدان زیاتر لە 40 کەس لە رۆژێکدا کوژران، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی زاهیدان لە سیستان و بەلوچستان. دواتر، پارێزگاکانی باکووری ئێران و هەروەها پارێزگاکانی کوردستان زیاترین ژمارەی کوژراویان هەیە. لەوانیشدا ژمارەکە 40 بۆ 50 کەسە. توانیومانە ئەو ژمارانە پشتڕاست بکەینەوە، بەڵام مەزەندە دەکەین، ئاماری راستەقینە زیاتربێت."
 
لەم سێ هەفتەیەدا لە 103 شار لە 31 پارێزگای ئێران خۆپێشاندان کراوە. لە هەندێک شار خۆپێشاندانی بەردەوام و لە هەندێک شاری دیکەش پچڕپچڕ بووە. زیاتر شەوانە خۆپێشاندان دەکرێت و بەشداربووان، زیاتر کچ و کوڕی گەنجن.