عەلی خامنەیی باسی گیانلەدەستدانی ژینا و خۆپێشاندانەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەفسەریی ئێران باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کرد و لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دروستبوونی ئەو ئاژاوە و نائەمنییانەی رۆژانی رابردوو، پلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی بووە و چەند دەستێک لەودیو پەردەوە ئەو پلانەیان داڕشتووە." 
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتەکانیدا ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی رابردووی بە ئاژاوە ناوبرد و گوتی: لە رووداوەکانی رۆژانی رابردوودا، زیاتر لە هەموو لایەنێک، دەرحەق بە هێزەکانی پۆلیس و بەسیج ستەم و نادادپەروەری کرا، بەڵام خەڵکی ئێران بە ئامادەبوونی بەهێزیانەوە لە بەرامبەر خۆپێشاندەراندا، سینگیان کردە قەڵخانی پلانەکان و لە داهاتووشدا هەر بەو شێوەیە دەبێت.
 
عەلی خامنەیی لە بەشێک لە گوتەکانیشدا ئاماژەی بە مردنی مشتومڕ هەڵگری ژینا ئەمینی کرد و گوتی، "کچێکی گەنج گیانی لەدەستدا و دڵی هەموو ئێمەی ئازاردا، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی بە بێ لێکۆڵینەوە، ژمارەیەک لە خەڵک بڕژێنە سەر شەقام، ئاگر لە قورئان بەربدەن، مزگەوت و بانکەکان بسووتێنن و لەچکی سەریان فڕێدەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن." 
 
بە گوتەی عەلی خامنەیی: ئەو کاردانەوانە نابێتە هۆی ئەوەی خەڵک نائەمنی و ئاژاوە دروست بکەن و ئەو ناڕەزایەتییانەی بە "ئاژاوەگێڕی" ناوبرد.
 
لە ماوەی 16 رۆژی رابردوودا کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمە دووەم دەرکەوتنی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و تەنیا لەم دەرکەوتنەدا لەسەر بابەتی مردنی مشتومڕ هەڵگری ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆژانەی ئێران، کاردانەوەی نیشان داوە و لێدوانی داوە.