ئێران: هەشت ملیۆن تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 2.4 ملیار دۆلار لە جووتیاران وەرگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران رایگەیاند، لە دەستپێکی وەرزی دروێنەی ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە هەشت ملیۆن تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 2.4 یلیار دۆلار گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، حکومەت نزیکەی نیوەی پارەکەی داوە.
 
لە وەڵامی محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و دوو نوێنەری پەرلەمان کە داوایان کردبوو پەلە بکرێت لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەپێی دوایین زانیارییەکان کە لە کۆمپانیای حکومیی بازرگانیی ئێران وەرگیراون، لە دەستپێکی وەرزی دروێنەی ئەمساڵەوە تائێستا هەشت ملیۆن و 88 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەهای ئەو گەنمەی تائێستا وەرگیراوە زیاتر لە 121 هەزار و 320 ملیار تمەنە (زیاتر لە 2.426 ملیار دۆلار) کە حکومەت تەنیا 61 هەزار 448 ملیار تمەن (نزیکەی 1.228 ملیار دۆلار)ی بۆ جووتیاران خەرجکردووە و نزیکەی نیوەی پارەکەش ماوە.
 
باسی ئەوەش کراوە، حکومەت ئەمساڵ لەپێناو پشتگیریکردنی جووتیاران، هەر کیلۆیەک گەنمی بە 15 هەزار تمەن وەرگرتووە، لەو بڕە 11 هەزار و 500 تمەن نرخی بنەڕەتیی گەنمە، 2000 تمەن خەڵاتی رادەستکردنەوە بۆ ناوەندە حکومییەکان و 1500 تمەنیش بۆ پشتگیریی جووتیارە.
 
رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران رەتیکردووە، لە دابینکردنی سەرمایە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا هیچ کێشەیەک هەبێت و رایگەیاندووە، وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بە سەرمایە و پارەی نێوخۆیی دەکرێت، بۆیە کێشەیەک لەو بوارەدا نییە.
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، ئەمساڵ لە پلانی دایە زیاتر لە 9 ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرێت.